سودانی: ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ده‌ستور رێكبكه‌وین، كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا چاره‌سه‌رییان هه‌یه‌
  2022-11-12       442       

محه‌ممه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ڕایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ده‌ستور رێكبكه‌ون، ته‌واوی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا چاره‌سه‌رییان هه‌یه‌.

ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، له‌میانه‌ی دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌نوس‌و شرۆڤه‌كارانی سیاسی، محه‌ممه‌د شیاع سودانی جه‌ختی‌ له‌وه‌كرده‌وه‌، "ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ده‌ستور رێكبكه‌وین، ته‌واوی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا چاره‌سه‌رییان هه‌یه‌." وتیشی‌، له‌وباره‌یه‌وه قسه‌م له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستانیش كردووه‌.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، بۆ زیاكردنی پشكی به‌رهه‌می نه‌وت، عێراق خه‌ریكی گفتوگۆكردنه‌ له‌گه‌ڵ ئۆپێك و ئاشكراشیكرد، عێراق داوای له‌ ئۆپێك كردووه‌ كاربكه‌ن بۆ جێگیركردنی نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی جیهاندا وه‌ك نرخی ئێستای.

له‌باره‌ی كوژرانی هاوڵاتییه‌كی ئه‌مه‌ریكی له‌به‌غدا به‌ناوی ستیفن تڕۆڵ، سودانی رایگه‌یاند، تاوانی كوشتنی تڕۆڵ مه‌به‌ستداربو.

رونیشیكرده‌وه‌، "سه‌ره‌داوی ئه‌م تاوانه‌مان ده‌ستكه‌وتووه‌، راسته‌وخۆ خۆم سه‌رپه‌رشتی لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌كه‌م".

له‌باره‌ی‌ یاسای‌ بودجه‌وه‌ سودانی‌ وتویه‌تی‌، "ئێمه‌ له‌یاسای بودجه‌دا دامه‌زراندنی سندوقی گه‌شه‌پێدانی عێراقمان دامه‌زراندوه‌، كه‌ به‌لێبڕینی ڕێژه‌یه‌ك له‌داهاتی نه‌وت پاره‌دار ده‌كرێت و له‌وێشه‌وه‌ سندوقی تایبه‌تمه‌ند بۆ نیشته‌جێكردن، په‌روه‌رده‌، ته‌ندروستی و ئه‌وانی دیكه‌ دروستده‌كه‌ین". 

راشیگه‌یاندووه‌، "ئه‌م سندوقه‌ نوێنه‌رایه‌تی شێوازێكی نوێ ده‌كات له‌هه‌مواركردنه‌وه‌ی سیستمی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت، له‌سه‌ر بنه‌مای چالاككردنی كه‌رتی تایبه‌ت و په‌ره‌پێدانی سه‌رمایه‌، هه‌روه‌ها گه‌نده‌ڵی له‌ناو ده‌بات و ده‌یان هه‌زار هه‌لیكار ده‌ڕه‌خسێنێت و هه‌مو پۆله‌كانیشمان له‌ ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تیدا جێگیركردوه‌، هانی كاركردن له‌ كه‌رتی تایبه‌ت ده‌دات له‌بری ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێی دامه‌زراندنی حكومه‌ت بكرێت، كه‌ هه‌مو كه‌رت و هه‌مو بزنسه‌ تایبه‌ته‌كان ده‌گرێته‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ بچوك بن".

باسی له‌وه‌شكردوه‌، "ده‌چینه‌ ناو دۆسیه‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان به‌مه‌به‌ستی ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی، سه‌ره‌تا ده‌ستده‌كه‌ین به‌ چاكسازی له‌و دامه‌زراوانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌روه‌ها چاره‌سه‌ری خزمه‌تگوزارییه‌ خێراكان ده‌كه‌ین، چونكه‌ بنه‌ڕه‌تی كێشه‌كه‌ له‌ده‌ستدانی متمانه‌ی هاوڵاتییه‌ به‌ ده‌زگای خزمه‌تگوزاری یان سیستمی سیاسی".

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌شڵێت، "بڕگه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی له‌په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ وڵاتانی برا و دۆست، وه‌رگرتنه‌وه‌ی پاره‌ی تاڵانكراوی عێراقه‌، به‌و پێیه‌ی عێراق ئه‌ندامی ڕێككه‌وتننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی دژی گه‌نده‌ڵییه‌، مافی خۆیه‌تی داوای بكات".

سه‌باره‌ت به‌هێڵی هه‌ژاریی له‌وڵاتدا، محه‌مه‌د شیاع سودانی وتی‌، "هیچ كه‌س ناتوانێت هه‌ژاری پشتگوێبخات، ئه‌م چینه‌ش پێویستی به‌ چاره‌سه‌ری ڕاسته‌وخۆ هه‌یه‌، هه‌روه‌ها ناتوانێت چاوه‌ڕێی چاكسازی و پلانی درێژخایه‌ن بكات، پێویسته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ هه‌مو شتێك ڕابگرن بۆئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری بارودۆخه‌كانیان بكه‌ن". 

سه‌باره‌ت به‌هێرشه‌كانی توركیاو ئێران بۆ سه‌ر ناوچه‌ سنورییه‌كانی‌ عێراق، محه‌مه‌د شیاع سودانی ڕایگه‌یاندووه‌، "به‌رده‌وامی هێرشه‌كان بۆ سه‌ر ناوچه‌ سنورییه‌كان په‌یوه‌سته‌ به‌ یه‌كخستنی گوتاری نه‌ته‌وه‌یی یه‌كگرتو له‌ ناوخۆی عێراق بۆئه‌وه‌ی ڕوبه‌ڕوی ئه‌م دۆخه‌ ببێته‌وه‌، خاكه‌كه‌شمان شوێنی ده‌ستدرێژی نییه‌ بۆ سه‌ر دراوسێكانی عێراق".


 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×