ئاژانسی هاوارنیوز لهڕۆژئاوای كوردستان بڵاویكردۆتهوه كه هێزەکانی سهر بهپارتی دیموكراتی كوردستان لەدەروازەی سێماڵکا ڕێگە بەدەزگایەکی چاپو پەخشی ڕۆژئاوای کوردستان نادهن بپەڕنەوە ههرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لەچوارەمین پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کتێب بكهن، کە وابڕیارە چەند ڕۆژێکی دیکە دەستپێبکات.
ئاوێنه: ئاژانسهكه ڕایگهیاندووه، هێزەکانی سهر بهپارتی لەدەروازەی سنوریی سێماڵکا ڕێگرییان لەستافی دەزگای چاپ و پەخشی “شلێر” کردووە، کە بەمەبەستی بەشدارییکردن لەچوارەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ کتێب دەیانویست ڕو لەههرێمی کوردستان بکەن.
ستافی چاپخانەکە لەڕێگەی تەلەفۆنەوە بەئاژانسەکەیان ڕاگەیاندووە کە هەزارو ٢٠٠ پەرتوکیان پێبووەو ویستویانە بچنە شاری سلێمانی بۆ بەشدارییکردن لەپێشانگای نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ کتێب، کە بەفەرمیی لەلایەن ڕێکخەرانی پێشانگاکەوە بانگهێشتکراون، بەڵام لەلایەن چەکدارانیپارتییهوە لەدەروازەی سێماڵکا ڕێگرییان لێکراوە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، پەرتووکەکانیان لە ٣٥ ناونیشان پێکهاتووە، کە خۆیان لە چیرۆک، ڕۆمان، لێکۆڵینەوە، دیوانە شیعر و چەندین ناونیشانی دیکە دەبیننەوە.
بڕیارە ڕۆژی ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ چوارەمین پشانگای نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ کتێب لەشاری سلێمانی بەڕێوەبچێت، لەچەندین وڵاتیشەوە دەزگاکانی چاپ و پەخش بەشداریی لەپێشانگاکەدا دەکەن.