بهرپرسێكی وەزارەتی خوێندنی باڵای ھەرێمی کوردستان دهڵێت، نزیکەی چوار ھەزار قوتابی ھەرێمی کوردستان لەئێراننو چاودێریی ڕەوشی ناوخۆی ئەو وڵاتە دەکەن و لەکاتی پێویست بڕیار لەبارەی چارەنوسی قوتابییان دەدەن.
ئاوێنه: د. یاسین ساڵح، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی نێردراوان و ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی خوێندنی باڵای ھەرێمی کوردستان، بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووه، "سێ ھەزار قوتابیی ھەرێمی کوردستان بۆ خوێندن لە وڵاتی ئێرانن و لە ڕێگەی وەزارەتەوە چوونەتە زانکۆکانی ئەو وڵاتە بۆ درێژەدان بە خوێندن، واتە ئەو سێ ھەزار قوتابییە مەلەفیان لە وەزارەت ھەیە و لە ڕێگەی وەزارەتەوە چوونەتە ئێران، بەڵام ژمارەیەکی دیکەش قوتابی ھەن، خۆیان چوونەتە ئێران بۆ خوێندن و بەوانەی تۆمار کراون لە وەزارەت و ئەوانەشی بۆ خۆیان چوونە چوار ھەزار قوتابی دەبێت.''
دەشڵێت، "تا ئێستا خوێندن لە زانکۆکانی ئێران بەردەوامە و خۆپێشاندان و ئاڵۆزییەکانی ناوخۆی ئێران ھێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی ئەوەی خوێندن پەکی بکەوێت، ئێمەیش لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەردەوام چاودێریی ڕەوشی قوتابییانی ھەرێمی کوردستان دەکەین لە ئێران.''
د. یاسین ساڵح ڕونیکردۆتەوە، "جگە لەو قوتابییەی ڕۆژانی ڕابردوو کوژرا لە ئێران ھیچ حاڵەتێکی دیکەی ھێرشکردنە سەر قوتابییانی ھەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە، ئەوەیش کوژراوە بەداخەوە تاوانێکی دڕندانە بووە پەیوەندیی بە خۆپێشاندانەوە نەبووە، بەڵکوو تاوانباران بۆ لێوەرگرتنی مۆبایل قوتابییەکەیان کوشتووە، نەک خۆپێشاندەران.''
لەبارەی چارەنوسی قوتابییانەوە د. یاسین ساڵح وتی، "ئێمە چاودێریی ڕەوشی ئێران دەکەین، ئەگەر گەیشتە ئاستێک ژیانی قوتابییانمان بکەوێتە مەترسییەوە، یان خوێندن ڕاگیراوە، ئەوکات ئێمە پێداچوونەوە بە بڕیاری خۆمان دەکەین، ئەوەیش بە مانای ئەوە نایەت دەگەڕێنەوە، بەڵکوو لەوانەیە بۆ ماوەیەک خوێندن ڕابگرین، گرینگ ئێمە چاودێرین لەسەر ڕەوشەکە و بەپێی ڕەوشەکەش بڕیار لەبارەی چارەنووسی قوتابییانی ھەرێم لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەدەین.''