دەستەی مافی مرۆڤ ئیدانەی توندوتیژی هێزە ئەمنیەکانی‌ سلێمانی‌ دەکات بەرامبەر خوێندکاران‌و ڕۆژنامەنوسان
  2022-11-13       443       


له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا دەستەی سه‌ربه‌خۆی‌ مافی مرۆڤی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ئیدانەی توندوتیژیەکانی هێزە ئەمنیەکان دەکات بەرامبەر خوێندکاران‌و ڕۆژنامەنوسان لەسلێمانی.

ئاوێنه‌: له‌ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، "دوای ئەوەی ژمارەیەک خۆێندکار لەشاری سلێمانی گردبونەوە دەکەن بۆ داواکردنی مافە ڕەواکانی خۆیان بەتایبەت داواکاری دەرماڵە، دواتر توندوتیژی لێ دەکەوێتەوە، ئێمە لەدەستەی مافی مرۆڤ وێڕای ئەوەی پشتیوانی داواکانی خوێندکاران دەکەین‌و پشتگیری هەمو جۆرە ڕێکارێکی مەدەنی دەکەین بۆ داواکردنی مافەکانی چین‌و توێژەکان، لەهەمانکاتدا ئیدانەی هەمو جۆرە گرژی‌و توندوتیژیەک دەکەین".

دەستەی سه‌ربه‌خۆی‌ مافی مرۆڤی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ڕاشیگه‌یاندووه‌، "بەداخەوە لەلایەن هێزە ئەمنیەکان بەگازی فرمێسک ڕژێن‌و لێدان ڕوبەڕوی خۆێندکاران‌و ڕۆژنامەنوسان بونەتەوەو دواتریش ژمارەیەکیشیان لێ دەستگیرکردون، کە دواتر ئازاد کراون".

ده‌سته‌كه‌ داواش له‌هێزە ئەمنیەکان ده‌كات خۆیان بەدور بگرن لەبەکارهێنانی توندوتیژی‌و ئەشکەنجەدان‌و لایەنی پەیوندیداریش مافەکانی خوێندکاران دابین بکات.

ئەمرۆ یەكشەممە بەشێك لەخوێندكارانی زانكۆی سلێمانی لەبەردەم باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی خۆپێشاندانیان ئه‌نجامداو هێزە ئەمنییەكان بەگازی فرمێسكڕێژ بڵاوەیانپێكردن‌و بەشێكیان هاتنە بەردەم مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر شەقامی سالم.

له‌بەردەم مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش هێزه‌ئه‌منییه‌كان هێرشیانكرده‌ سه‌ر ژماره‌یه‌ك ڕۆژنامه‌نوس‌و په‌یامنیرانی‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ ڕاگه‌یاندن‌و پاش ڕاگرتنیان بۆ ماوه‌یه‌ك، ئازادیان كردن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×