عێراق لەبارەى بۆردومانەکانی ئێران بۆ سەر هەرێم: ڕێکاری دیبلۆماسی باڵا دەگرینەبەر
  2022-11-14       487       

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئیدانەی هێرشەکانی ئەمڕۆی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەكات و جەختیش دەكاتەوە كە هەمو رێکارێکی دیپلۆماسی لە ئاستی باڵا دەگرنەبەر. 

 ئاوێنە: وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، بە "توندترین شێوە" ئیدانەی بۆردومان و هێرشە درۆنییە دوبارەبوەکان دەکەن، کە بەیانیی ئەمڕۆ ئێران بۆ سەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان عێراق ئەنجامیدا، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و برینداربون.

 وەزارەتی دەرەوەی عێراق وتویەتی: ئەو کارە تاکلایەن و دوژمنکارانە، نابێتە هۆکارێک بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری، پێشتر هەڵوێستمان راگەیاندبو، کە ئەمە پێشلکارییەکی رونە بۆ سەر سەروەریی عێراق و ئاسایشی هاوڵاتییانی. ئەو هەڕەشە بەردەوامانە، دەبێتە هۆی خراپبونی دۆخی ناوچەکەو بارگرژییەکان زیاتر دەکات.

ئەمڕۆ جارێکی دیکە ئێران لە رێگەی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە، هێرشیکردە سەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنوری کۆیە لە پارێزگای هەولێر و زڕگوێز لە پارێزگای سلێمانی، لە ئەنجامی هێرشەکەدا دو هاوڵاتی لە کۆیە گیانیان لەدەستداو هەشتی دیکە برینداربون، کە بریندارەکان و یەکێک لەوانەی گیانیان لەدەستداوە پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×