كەمال كەركوكی: پۆستی پارێزگاری كەركوك مافی پارتییە
  2022-11-14       718       

کەمال کەرکوکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند کە پارتی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بە مافی خۆی دەزانێت و لەبارەی بونی ناكۆكی لەنێو حزبەكەشی دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی براو پشتی یەكترن.

ئاوێنە: کەمال کەرکوکی، ئەمڕۆ دوشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ دەنگی ئەمریكا، رایگەیاند، "پارتی لە دوا هەڵبژاردن دا دەنگی یەکەمی لە کەرکوک هێنا، بۆیە پارێزگاری کەرکوک مافی پارتییە. کەسێکی نیشتیمانپەروەر دابنێت و رێز لە ڕای لایەنەکانیش بگیرێت لە دانانی دا."

ئەم لێدوانە لەکاتێکدایە کە دوای ڕیفراندۆمەکەی ساڵی 2017 سەربەخۆیی کوردستانی عێراق و ڕوداوەکانی ناسراو بە "16 ی ئۆکتۆبەر" کورد پۆستە باڵاکانی وەکو پارێزگاری لەدەستداوە و ئاسایشی شارەکە کەوتۆتە دەست سوپای عێراق و حەشدی شەعبییەوە.

سەبارەت بە پرسی ئەوەی بە چی پێوەرێک، پارتی دەنگی یەکەمی کەرکوکی هێناوە، لەکاتێکدا یەکێتی سێ کورسی و پارتی دو کورسی پەرلەمانی لە کەرکوک بەدەستهێناوە، کەمال کەرکوکی وتی "بەڕێز دیلان غەفور بە بێلایەن خۆی کاندیدکرد، نەک وەکو یەکێتی، هەرکەسێک دەنگی بۆ دیلان دابێت کە ئێستا پەرلەمانتارە، دەنگی بە بێلایەنێک داوە، بۆیە دیلان غەفور با خۆشی بوبێتە یەکێتی، لەسەر یەکێتی حساب ناکەین، چونکە بونی بە یەکێتی رای شەخسی خۆیەتی، نەک ڕای ئەو جەماوەرەی کە دەنگیان پێداوە."

سەبارەت بە وادەی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکوک، کە لەدوای 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ەوە، ئەو پارێزگایەی جێهێشتوە، کەمال کەرکوکی ئاماژەی بەوەکرد، لە کابینە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق و کابینەی نوێی حکومەتیش، لەسەر چوار دۆسیە لە گفتوگۆدابون لەگەڵ عێراق، دۆسیەی سەربازی و ئەمنی، کە بریتییە لە دەرکردنی هێزە عێراقییەکان لەکەرکوک و ڕادەستکردنی دۆسیەی ئەمنی شار بە پۆلیسی محەلی، هەروەها دۆسیەی سیاسی، چۆڵکردنی بارەگاکانی پارتی و پارتی گەلی تورکمانی لەلایەن حەشد و سوپای عێراق و ڕادەستکردنەوەیان، لەگەڵ دۆسیەی کارگێڕی، کە پەیوەندی بە پارێزگاری سەپێنراوی کەرکوک و "ڕێککەوتنی بەرپرسێکی یەکێتییەوە هەیە لەگەڵی."

کەمال کەرکوکی وتی"ئەو چوار دۆسیە پەیوەندیدارە بە کەرکوک، خراوەتە کارنامەی کابینەی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق و لەپەرلەمانیش دەنگی لەسەر دراوە، چونکە پێشتر لایەنەکان لەسەری ڕێککەوتون، وەفدی هەرێم ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ عێراق بۆ جێبەجێکردنی ئەو خاڵانە بە پێی دەستور."

سەبارەت بە ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی و دوا بڕیاری حزبەکەی بۆ چۆنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵ یەکێتی، کەمال کەرکوکی دەڵێت "ئێمە پێمانباشە لەگەڵ هەمو لایەنەکانی ناو کوردستان و دەوروبەر نێوانمان باش بێت، بە نیسبەت ئەوانەی ناو هەرێم، پێمانباشە هەمووان بە یەکێتی و پارتیشەوە پابەندی یاسا بین، گەر یاسا سەروەر بێت، کێشە ڕونادات، گەر لەسەر نایاسایی رێکبکەوین و دڵی یەکتری خۆش بکەین، زو یان درەنگ دیسان تێکدەچێتەوە."

وتیشی"لە کۆنگرەی پارتی بە دونیا وترا، لەگەڵ کێشەی نێوان لایەنەکان نین، دەبێت پێکەوە خزمەتی خەڵک بکەین و هەوڵی بەدەستهێنانی مافەکانمان لە بەغدا بدەین."

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی، لە بارەی ڕای حیزبەکەی لەسەر بایکۆتکردنی حکومەت لەلایەن تیمی یەکێتییەوە، وتی"هەرلایەک پابەندی یاسا بێت لەگەڵی هاوڕاین، بەڵام لەسەر ناحەق ئامادە نیین نەرمی بنوێنین، پابەندبون بەیاسا، رێگەی خزمەتکردنی خەڵکە، بەڵام گەر لەسەر بنەمای نایاسایی ڕێبکەوین، سبەینێ دیسان تێکدەچینەوە."

دەوترێت کۆنگرەی پارتی کۆنگرەی ڕادەستکردنی حیزبەکە بو بە مەسرور بارزانی ، لەو بارەیەوە، کەمال کەرکوکی وتی"کاک مەسرورو کاک نێچیرو هەمو ئەندامانی مەکتەب سیاسی لە خزمەتی پارتیداین، پارتیش لە خزمەتی خەڵکدایە، با ناحەزان لێرە و لەوێ قسە بکەن، ئەو دو بەڕێزە برای یەک و پشتی یەکن، هەردوکیان لەخزمەتی رێزدار جەنابی سەرۆک بارزانی و خەڵکی کوردستاندان."

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×