لە هەولێر پیاوێك ژنەكەی خۆی دەكوژێت و دەستگیردەكرێت
  2022-11-15       398       

پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، لە گەڕەكی هەولێری نوێ پیاوێك ژنەكەی خۆی بە فیشەكێك كوشتوەو دوای روداوەكەش هێزەكانی پۆلیس توانیویانە تۆمەتباری روداوەكە دەستگیربكەن.

ئاوێنە: هۆگر عەزیز، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ئێوارەی ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند"ئەمڕۆ سێشەممە، پۆلیس ئاگاداركرانەوە بە بونی روداوێكی كوشتن لە گەڕەكی هەولێری نوێ، دوای گەیشتنی تیمێكی لێكۆڵینەوەی پۆلیسی هەولێر بۆ شوێنی روداوەكە، دەركەوت كە هاوڵاتییەك بەناوی (فێنك حسێن باپیر)، تەمەن 38 ساڵ، لەسەر كێشەیەكی خێزانی لەلایەن هاوسەرەكەیەوە بەناوی (س. م. ا.) تەمەن 55 ساڵ بە دەمانچە كوژراوە كە فیشەكێكی پێوە ناوە."

ئاماژەی بەوەشدا، دوای بەدواداچون توانرا كەسی توانبار دەستگیربكرێت و لەدوای دەستگیركردنیشی دانا بە تاوانەكەیدا نا. پاشان پۆلیس پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ روداوەكە كردۆتەوەو لێكۆڵینەوەكانیش بەردەوامن لەسەر تاوانەكە.

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر وتیشی، لە 1/11/2022 تا ئەمڕۆ سێشەممە 15/11، چوار حاڵەتی كوشتن لە هەولێر ئەنجامدراون و "ئەمەی ئەمڕۆ لەم هەفتەیەدا دوەم حاڵەتی كوشتنی ژنان بوە لەسەر كێشەی خێزانی."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×