ئومێد خۆشناو: ئیشەڵڵا لافاو لەهەولێر ڕونادات
  2022-11-16       349       


پارێزگاری هەولێر ئاشکرایدەکات، هەموو ئامادەکاریەکانی ڕوبەروبونەوەی لافاو لەوشارە کراوە، ده‌شڵێت:"لەئەگەری ڕودانی لافاو لەشارەکە دەزگای خێرخوازى بارزانی‌و تیمەکان ئامادەن، ئیشه‌ڵڵا هیچ له‌هه‌ولێر ڕونادات".

ئاوێنه‌: ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، "بەئەزمون وەرگرتن لەساڵانی ڕابردوو، تەواوی ئامادەکاریەکان کراوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی لافاو، زیاتر لە 150 کیلۆمەتر ڕێڕەوەکانی ئاو پاککراوەتەوەو لەهەندێک شوێن ئاوەڕۆی لولەیی‌و ئاوەڕۆی سندوقی دروستکراون".

لەبارەی ئامادەکاری تیمه‌كانیشیان پارێزگارى هه‌ولێر وتى:"هەموو تیمەکان لەسەرۆکایەتی شارەوانی‌و بەڕێوبەرایەتی‌و ئاوو ئاوەڕۆکان‌و ئاودێریی‌و چاککردنی ڕێگاوبان، ئاماده‌كاریی تەواویان کردوە".

ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه‌، "ئەوشوێنانەی مەترسی لەسەرەو ساڵی ڕابردوش لافاو تێیدا ڕوینەدابێت، ئەوا ئامادەکاری ڕوبەڕوبونەوەی لافاوی تێدا ئەنجامدراوە، سەرجەم پڕۆژەکان لەپاککردنەوەو ئامادەکاریەکانیان تەواوبون، ئەمەش نەک بۆ ئێستا، بەڵکو بۆ ساڵانی داهاتوش".

پارێزگاری هەولێر ئه‌وه‌شى وت:"بەپێی پێشبینیەکان، ئەمڕۆ له‌شاری هەولێر بارانی بەخوڕ دەستپێدەکات، ئیشه‌ڵڵا هیچ لەهەولێر نه‌ لافاوو نه‌ هیچ ڕونادات، لەئەگەری ڕودانی هەرشتێکیش تیمەکانی ناوەندی قەیرانەکان‌و دەزگای خێرخوازی بارزانی‌و بەرگری شارستانی‌و شارەوانیەکان لەئامادەکاری تەواودان".

ساڵی ڕابردوو بەهۆی چەند شەپۆلێکی بارانبارینەوە کە هەرێمی کوردستانی گرتەوە، لافاو لەبەشێک لەگەڕەکەکانی شاری هەولێر دروستبوو، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ زیانى گیانی‌و مادی به‌بەشێکی زۆر له‌هاوڵاتیانی ئه‌وشاره‌ گه‌یاند.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×