سلێمانی.. رێنمایی بۆ ئەو پاس و تاكسیانە دەركرا كە هاتوچۆ بە قوتابیان دەكەن
  2022-11-16       391       


قائیمقامیەتی سلێمانی رێنمایی بۆ ئەو پاس و تاكسیانە دەركرد كە هاتوچۆ بە خوێندكاران دەكەن و ڕایگەیاند: قائیمقامیەتی سلێمانی چاودێری ئەو پاس و تاكسیانە دەكات كە هاتوچۆ بە خوێندكاران دەكەن، و بەخێوكاران و خوێندكارانی خوێندنگە و باخچە حكومی و ناحكومیەكانی سنوری هەردوو بەرێوەبەرێتی پەروەردەی رۆژهەڵات و رۆژئاوە ئاگاداردەكاتەوە، لەكاتی بەدیكردنی هەر جۆرە سەرپێچییەك لیژنەی چاودێریكردنی هاتوچۆی تایبەت بە گواستنەوەی خوێندكارانی لێئاگاداربكەنەوە.

ئاوێنه‌: لەڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە: لەسەر راسپاردەی قائیمقامی سلێمانی لیژنەی هاتوچۆی گواستنەوەی خوێندكارانی سەر بەلیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی كۆمەڵێك رێنمایی تایبەت بە رێكخستن و چۆنییەتی گواستنەوەی خوێندكاران دەركردووە، لە گرنگترینی ئەو رێنماییانەشی كە قائیمقامیەتی سلێمانی بە پێویستی دەزانێت بەخێوكاری خوێندكاران لێی ئاگادار بن:

1. ئەو پاس و تەكسییانەی خوێندكاران دەگوازنەوە دەبێت رەچاوی تەواوی رێنماییەكانی هاتوچۆ بكەن.
2. پاسەكان دەبێت مەرجی سەلامەتی و توندوتۆڵی و سیستمی ساردی و گەرمی تێدا بێت.
3. رێگە نادرێت هیچ ئۆتۆمبێلێك له ژمارەی كوشنەكان زیاتر خوێندكار هەڵبگرێت.
4. لە بەشی كارگێری هەر خوێندنگەیەكدا لیژنەی تایبەت بە سەرپەرشتی پاسەكان پێكهاتووە كە زانیاری تەواو و بەڵگەنامەی شۆفێرو پاسەكانی لابێت، و بەردەوامیش چاودێری ئەو ئۆتۆمبێلانە بكات كە خوێندكاران دەگوازنەوە.
5. تیژرەوی لەكاتی گواستنەوەی خوێندكاران رێگە پێدراو نییە.
6. لەكاتی گواستنەوەی خوێندكاراندا نابێت شۆفێرەكان رادیۆ و هۆكانی لێدانی گۆرانی و میوزیك بەكاربهێنن، دەبێت رەچاوی لایەنی پەروەردەیی بكەن.
7. پارەی رۆژانی پشووە فەرمییەكان جگە لە رۆژانی هەینی پارەكەی دەگەرێتەوە بۆ خوێندكارەكان.
8. دانانی پەردەو ئاوێنەی زیادە رێگە پێدراو نییە.
9. لەڕووی نرخەوە پابەندی ئەو نرخانەبن كە بە گوێرەی ناوچەی جوگرافی دیاریدەكرێت.
10. نرخی گواستنەوە بە پێی ناوچەی جوگرافی و دور و نزیكی و تایبەتمەندی شوێنەكە دیاری دەكرێت.

بۆئەوەی هیچ خوێندكارێك نەبێتە قوربانی، قایمقامیەتی سلێمانی بەردەوام دەبێت لە چاودێریكردنی وردی ئەو پاس و تاكسیانەی كە هاتوچۆ بە خوێندكاران دەكەن، بەدەر لەو رێنماییانەی سەرەوەش، هەر شۆفێرێك سەرپێچی ئەنجامبدات قائیمقامیەتی سلێمانی ڕێوشوێنی پێویست و گونجاو دەگرێتە بەر، وە داوا لە بەخێوكەران و كەسوكاری خوێندكاران دەكەین كە لەكاتی بەدیكردنی هەر جۆرە سەرپێچیەك، لە رێگەی ژمارەی پەیوەندی (07701061603) لیژنەی چاودێركردنی هاتوچۆی تایبەت بە گواستنەوەی خوێندكارانی لێئاگاداربكەنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×