وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی: نەوت و غاز كارتی سوتاون، هەولێر ئەتوانێ لەئێران و ئازەربایجانەوە غاز هاوردە بكا
  2022-11-16       922       

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، نەوت و غازی هەرێمی كوردستان بە "كارتە سوتاوەكان" ناودەبات و دەشڵێتو هەولێر ئەتوانێت لە ئێران و ئازەربایجان و كەركوكەوە غاز هاوردە بكات.

ئاوێنە: پێشەوا هەورامانی، ئەمشەو(چوارشەممە)، لە هەژماری خۆی لە فەیسبوك لە نوسینێكدا رایگەیاندوە"‎هەرێمی کوردستان سەرو ٤٠٠ هەزار بەرمیل بەرهەمی نەوتەکەیەتی، ‎نەوتی سلێمانی پێكدێت لە نەوتی ‎حەسیرە  كە ۱٤ هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا لەگەڵ نەوتی ‎چەمچەماڵ كە ۱٥ هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا."

وتوشیەتی"‎لەبەرانبەردا نەوتی هەولێرو دهۆک پێكدێت لە ‎خورمەڵە ۱٤٠هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، ‎شێخان ٤٥ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، ‎تاوکێ ۱٠۹ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ‎سەرسنگ ٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "‎پلانی ستراتیژی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی نە نەوتەو نە غاز، بەڵکو کشتوکاڵ و پیشەسازی و دۆزینەوەی سەرچاوەی دیکەی داهات و دابینکردنی ئاسایشی خۆراکە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەمەیە جیاوازی پیاوی دەوڵەتمەدارو پیاوی مەچەکهەڵکردن و هەڕەشەکەری گرتنەوەی غازو دو ئیدارەیی."

‎لەبارەی غازیش وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی وتویەتی"‎غازی کۆرۆمۆر لە بڕی بەرهەمهێنانی ٥٠٠ ملیۆن پێ لە ڕۆژێکدا، زۆربەی بۆ کارەبای هەمو کوردستان و  LPG پارێزگاکان بەکاردێتەوەو دانا گاز گرێبەستی هەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێم و ئەم غازە موڵکی هیچ حزبێک نییە تا شان و باڵی پێوە با بدرێت."

ئەوەشی وتوە"ئەگەر هەرکەسێکیش کێشە بۆ بەرهەمهێنانی دروستبکات لەبەرانبەر داوا یاساییەکانی دانا گاز خۆی دەبینێتەوە کە گرێبەستێکی تەمەندرێژی هەیە لەگەڵ حکومەت! ‎ئایا کەسێک دەیەوێت ببێتە سزادراوێکی نێودەوڵەتی، ئایا لایەنێک هەیە جورئەتی ئەوە بکات دەبا بیکات!"

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە "‎هەولێر بۆ پێداویستی ڕۆژانەی غاز دەتوانێت لە ڕێگای ئازەربایجان و ئێران و کەرکوک غاز هاوردە بکات، ئایا ئەمە ئەو کارتەیە کە هەولێری پێ ڕابگیرێ یان کارتێکی سوتاوە!"

لەگەڵ ئەوەش وتویەتی"‎بیرمان نەچێت کێڵگەی بنەباوی_پیرمام داهاتوی غاز دەبن و بڕێکی زۆری غاز خەمڵێندراوە لەکاتی کەوتنە سەر سکەو بەرهەمهێنان."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×