له خۆپیشاندانی شاری جوانڕۆی رۆژههڵاتی كوردستان پێنج هاوڵاتی بە تەقەی هێزە ئهمنییهكان گیانیان لهدهستدا و زیاتر لە 100 کەسیش بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە برینداربون.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردهوه، دوای بەڕێوەچونی رێوڕەسمی بهخاكسپاردنی تەرمی دو لە کوژراونی بەرخۆدانی ڕۆژی ڕابردوی شاری جوانڕۆ، لانیکەم پێنج هاوڵاتی بە ناوەکانی ئیسماعیل گوڵ عەنبەر، مەسعود تەیموری، تەحسین میری، جەوهەر فەتاحی و جەماڵ ئەعزەمی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئهمنییهكان کوژران.
ئاماژهی بهوهشكردوه، "له ئەنجامی دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران ڕوبە خەڵک، زیاتر لە 100 کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە برینداربون، کە دۆخی ژمارەیەکیان بە مەترسیدار باسکراوە، ژمارەیەکی دیكه له بریندارەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکان ڕفێندراون و دۆخی تەندروستیان کەوتوەتە مەترسییەوە".
بەوتەی سەرچاوەکان له رۆژههڵاتی كوردستان، هێزێکی سەدان کەسی سوپای پاسداران ڕێگاکانی چونە ناو جوانڕۆیان گەمارۆ داوە و ڕێگری لە هەر چەشنە هاتوچۆیەک بۆ ناو شار كردوه.
هەروەها، ئێوارەی دوێنێ، هێزەکانی سوپای پاسداران لە سێ ڕێیانی قازانچی هەڵکەوتو لە نێوان شارەکانی کرماشان و ڕوانسەر ئۆتۆمبێلی هەڵگری ئەو خوێنانەی کە لە بانکی خوێنی کرماشانەوە بەرەو جوانڕۆ لە ڕێگادابوە داوەتە بەر دەستڕێژ و ڕێگریان لە گواستنەوەی خوێن بۆ نەخۆشخانەی جوانڕۆ کردوە.