ئاوات جەناب نوری: گەشبینین رێکكەوتن لە نێوان هەرێم و بەغدا بکرێت
  2022-11-22       149       

ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری له‌گه‌ڵ شاندی کونسوڵخانه‌ی فڕەنسا لە هەولێر كۆبوه‌وه‌ و رایگه‌یاند، لە بەروارێکی نزیکدا بڕیارە سەردانی بەغدا بکەن بۆ یەکلایی کردنەوەی بابەتەکان، ده‌شڵێت، "گەشبینین بەوەی ڕێکكەوتن بکرێت لە نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر کۆتایی هێنان بە کێشەکان"، شانده‌كه‌ی فڕه‌نساش ئامادەیی بۆ هەماهەنگی دانوستاندنەکان بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە داراییەکان ده‌ربڕی.

ئاوێنە: وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ سێشەممە ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی پێشوازی لە شاندی کونسوڵی گشتی فڕەنسا لە هەولێر کرد، کە پێکهاتبون لە رودولف ریشالد، جێگرى کونسوڵی گشتی فڕەنسا لە هەولێر و هوگو بوغیل، ڕاوێژكارى دارایى بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كامى شابى، پاشکۆى ئابورى باڵیۆزخانەی فڕەنسا لە بەغدا.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، ئامانجی سەردانەکەی شانده‌كه‌ی فڕه‌نسا بەمەبەستی ئاگاداربون لە دەستپێکردن بە دانوستاندنەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند بو، سەبارەت بە گفتوگۆکردن لەبارەى پڕۆژە یاسای بودجەى 2023 و چارەسەرکردنى دۆسیەى نەوت و غاز.

ئاوات جەناب نوری سوپاسی حکومەتی فڕەنسای کرد کە هەمیشە پاڵپشتى پرسەکانی گەلی کورد بوە بەدرێژایی مێژو، رایگه‌یاند، "لە بەروارێکی نزیک بڕیارە سەردانی بەغدا بکەین بۆ یەکلایی کردنەوەی بابەتەکان".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "گەشبینین بەوەی ڕێکەوتن بکرێت لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا لەسەر کۆتایی هێنان بە کێشەکان".

لای خۆشیانەوە، شاندی میوان بە وەزیری دارایی و ئابوریان ڕاگەیاند، "ئامادەین هەماهەنگی دانوستاندنەکان بکەین بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان".

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×