لە یەك هەفتەدا لانیكەم 42 هاوڵاتی لە خۆپیشاندانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستاندا كوژراون
  2022-11-22       169       

رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئاشكرایكرد، لە ماوەی یەك هەفتەی رابردودا، لانیكەم 42 هاوڵاتی كورد لە خۆپیشاندانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستاندا بە دەستی هێزە ئەمنییەكانی ئێران كوژراون و زیاتر لە 1500 كەسیش برینداربون.

ئاوێنە: رێكخراوەكە، ئەمڕۆ سێشەممە، لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە لە ڕۆژی سێشەممەی رابردوەوە، هەتا دوێنێ دوشەممە، لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا لانیکەم ٤٢ هاوڵاتی لەلایەن هێزە حکومەتییەکان کوژران.

رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگجاو، ئاماژەی بەوەشداوە كە 40 حاڵەت لەوانە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژراون، کە زۆربەیان سەر و سینگیان کراوەتە ئامانجی تەقەکان، هەروەها هاوڵاتییەک لەدوای ڕفاندنی لەلایەن هێزە حکومەتییەکان، لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژراوەو هاوڵاتییەکی دیکەش بەهۆی سەختی برینەکەی لە ئەنجامی لێدانی بەچەقۆ کوژراوە.

بەگوێرەی راپۆرتەكە، پۆلێنبەندی ئەو ٤٢ هاوڵاتییە كە لە ٩ شاری رۆژهەڵاتی کوردستان كوژراون، بەمشێوەیەی خوارەوەیە:

شاری بۆکان: ١٢ حاڵەت

شاری جوانڕۆ: ٧ حاڵەت

شاری سنە: ٧ حاڵەت

شاری مەهاباد: ٤ حاڵەت

شاری پیرانشار: ٤ حاڵەت

شاری کامیاران: ٢ حاڵەت

شاری سەقز: ٢ حاڵەت

شاری دیواندەرە: ٢ حاڵەت

شاری دێولان: ١ حاڵەت

شاری بانە: ١ حاڵەت

رێكخراوەكە پێی وایە "ئاماری کوژراوەکان لەم ڕێژەیە زۆرترە." و وتوشیەتی، روداوەکانی ٤٨ کاتژمێری ڕابردو لە شارەکانی کوردستان و بەتایبەت جوانڕۆ، "کۆمەڵکوژی" بوە.

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×