ئاسایشی هەرێم دەستگیركردنی 107 گەورە بازرگان و 481 بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەری راگەیاند
  2022-11-23       440       

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، لە ماوەی سێ مانگدا توانراوە 107 گەورە بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان و 481 کەس بە تۆمەتی بەکارهێنانی ماددەهۆشبەرەکان دەستگیر بكرێن و دەستیش بەسەر نزیکەی 381 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەرو بڕێكی زۆر حەبی هۆشبەردا بگیرێت.

ئاوێنە: ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەو كەسانە لەماوەی 20ی ئابی 2022 تا 20ی تشرینی دوەمی 2022 دەستگیركراون و ئەو ماددە هۆشبەرانەشی كە دەستیان بەسەرداگیراوە پێكهاتون لە: زیاتر لە 10 كیلۆگرام كریستاڵ، 876 گرام هیرۆین، یەك كیلۆ و 881 گرام حەشیش، 177 گرام جامایكا، 71 گرام ماریجوانا، 367 كیلۆ و 240 گرام حەبی هۆشبەر لە جۆری كبتاگۆن، 110 شیت حەبی ترامادۆڵ، هەشت مەركانە لە روەكی چاندراوی ماریجوانا، دو ئامێری گەورەی جلشۆر كە تێیدا 367 كیلۆ و 240 گرام حەبی هۆشبەری لە جۆری كبتاگۆنی تێدا شاردرابوەوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، سەرجەم تۆمەتبارانی دەستگیركراو پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوەو رەوانەی بەردەم دادوەر كراون.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×