مەزلوم کۆبانێ: شەڕی داعش رادەگرین و رێگری لە هێرشی تورکیا دەکەین
  2022-11-24       376       

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی سوپای تورکیاوە رووبەڕووبوونەوە و ئۆپەڕاسیۆنەکانیان بۆ سەر چەکدارانی داعش رادەگرن و بە ئەرکی خۆیان هەڵدەستن و ریگری لە داگیرکارییەکانی تورکیا دەکەن بۆسەر ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا.

ئاوێنە: مەزلوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە بۆ سەر ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا هێزەکانیان تەواوی ئۆپەراسیۆن و چالاکییەکانیان راگرتووە دژی داعش.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر هێرشەکانی تورکیا بەردەوام بێت ئەوا فراونتر دەبێت و بەرەو ناوچەکانی دیکە پەل دەکێشێت، ئەوانیش بە ئەرکی خۆیان هەڵدەستن و رێگریان لێدەکەن.

دەشڵێت، "بەرامبەر هێرشکردنە سەر ناوچەکانی باکوری سوریا و بە ئامانج گرتنی هاووڵاتییان لەلایەن سوپای تورکیاوە بێ وەڵام نابین".

ئەوەشی خستەڕوو، هێزەکانی سوریای دیموکرات و خەڵکی ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ئەم قۆناغە تێدەپەڕێنن و سەردەکەون.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ماوەی چوار رۆژە تورکیا بە چڕی بۆردوومانی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکات و بەهۆیەوە چەندین کەس گیانیانلەدەستداوە و ئەردۆغانی سەرۆکی ئەو وڵاتە دەڵێت، هێرشی زەمینی دەستپێدەکەن بۆ سەر ناوچەکان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×