نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی دوكان ئاشكرادەكات
  2022-11-24       825       

بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان ناوبراو و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمدا لە دوكان، داواكراوە "هەنگاوی کرداری خێرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بنرێت" و "کار بکرێت بۆ دروستکردنی ئەنجومەنێکی باڵا لە ھەرێم بە بەشداری ھەمو لایەنەکان بۆ بڕیاردان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ تەواوی کێشەکان."

ئاوێنە: نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ھاوینەھەواری دوکان، کۆبونەوەی لوتکەی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دیالۆگی نیشتمانی بە ئامانجی یەکڕیزی و چارەسەری کێشەکان لە عیراق و ھەرێم بەڕێوەچو.

بەپێی راگەیەندراوەكە، ‏‎تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکەی ھاوینەھەواری دوکان  گفتوگۆکردن بو لەسەر دوایین گۆڕانکاری و پێشھاتە سیاسی، ئابوری و ئەمنییەکانی ھەرێم و عیراق و ناوچەکە.

‏‎لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"کۆبونەوەکە جەختی لە توندوتۆڵکردنی پەیوەندی نێوان ھێز و لایەنە کوردییەکان کردەوە و بەپێویست زانرا ھەنگاوی کرداری خێرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بنرێت. ھەروەک ھاوڕابون لەسەر زەمینەخۆشکردن بۆ فراوانکردن و بەردەوامی کۆبونەوەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و یەکخستنی ھێز و تواناکان دور لە تێڕوانینی حزبی بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی روبەڕوی واقیعی ھەرێم و عیراق بوەتەوە، ئەم ئامانجەش لەپێناو زاڵبون بەسەر تەحەددییەکاندا."

‏‎لە بەشێکی تری کۆبونەوەی ھاوینەھەواری دوکان، كۆی لایەنەکان جەختیانکردەوە لە بەردەوامی دیالۆگی لایەنە سیاسییەکان بە ئامانجی گەیشتن بە پرۆژەیەکی ھاوبەشی کوردستانیی یەکڕیزی نیشتمانی. ئەوەش بەپێی راگەیەندراوەكە.

ئاماژەی بەوەشداوە كە "‏‎كۆبونەوەكە هەڵوەستەی جددی لەسەر خراپی و نالەباری ژیان و گوزەرانی خەڵک كرد و رونکرایەوە، ژیان و دۆخی خەڵک گەیشتوەتە ئەو ئاستەی ھەمو لایەنە سیاسییەکان ھەنگاوبنێن و ھاوکاربن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و باشترکردنی ژیانی ھاوڵاتییان و ھەرێمی کوردستان لەروی ئابوری، سیاسی و ئەمنییەوە."

هەروەك بەپێی راگەیەندراوەكە لە كۆبونەكەدا داواكراوە "کار بکرێت بۆ دروستکردنی ئەنجومەنێکی باڵا لە ھەرێم بە بەشداری ھەمو لایەنەکان بۆ بڕیاردان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ تەواوی کێشەکان و ئەو پرسانەی رەھەندی نەتەوەیی و نیشتمانییان ھەیە. ئەم ھەنگاوەش بە فاکتەری پاراستنی یەکڕیزی، پارێزگاریکردن لە ئەزمونی ھەرێم، بەدیھێنانی خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ کۆمەڵانی خەڵک، بەھێزکردن و پارێزگاریکردن لە قەوارەی ھەرێم لە قەڵەمدرا."

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"‏‎کۆبونەوەكە پێداگری لەسەر ئارامی و سەقامگیریی ئاسایش، سەروەری یاسا و دامەزراوەکانی دەوڵەتداری و بەگژداچونەوەی گەندەڵی، روبەڕوبونەوەی بەھەدەردانی سامانی گشتی و سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی راستەقینە کردەوە."

بەپێی راگەیەندراوەكە "‏‎بڕیاریشدرا ئەم کۆبونەوانە لەپێناو تەبایی، یەکھەڵوێستی و یەکڕیزیی کوردستانی بەردەوامی ھەبێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×