مەگكۆرك لە رۆژئاوای كوردستانەو فشاری زۆری لەتوركیا كردوە
  2022-11-24       879       

سەرتیپ جەوهەر

ماوەی چەند رۆژێكە رۆژئاوای كوردستان بەدۆخێكی تەواو دژواردا تێدەپەڕێت. فرۆكەو سوپای تورك بێبەزییانە خەڵك و ناوچەو شوێنە هەستیارەكانی خزمەتگوزاریی و پێداویستیەكانی ژیان بۆمباران دەكەن و وێرانیان دەكەن.

پێدەچێت توركیا بیەوێت دامەزراوەكانی ژێرخانی ئابوریی و ژیان لەرۆژئاوا پەكبخات، بۆیە لانیكەم تا چەند مانگی داهاتو بارودۆخی خزمەتگوزاریی و ژیان لەرۆژئاوا گەلەك خراپترو زەحمەتتر دەبێت.

ئەو شوێنانەی بۆمباران كراون بریتین لە كارگەی غازی سوێدیە كە نزیك دێركەو لە 100% غازی ماڵانی ناوچەكەو لە 50%ی كارەبای شارە كوردییەكانی سنور دابیندەكات! دەبینین ماوەی پێنج رۆژە كارەبای نیشتیمانیی لەتەواوی شارە كوردییەكانی وەك دێرك و رمێلان و گركێلەك و تربەسپی و قامیشلۆو عامودا نییە، تەنها كارەبای مولیدە هەیە. هەروەك ناوچەكە روبەروی نەبونی پێویستی غازی ماڵان و سوتەمەنی دەبنەوە بەتایبەت لەم وەرزی زستانەدا باریان گرانترو زەحمەتتر دەبێت.

هەروەك كێڵگەكانی نەوت و ئەمباركردنی عۆدەو دیجلەو سعیدیە بۆمباران كراون كە سوتەمەنی بۆ خەڵك لێ‌ دابین دەكرێت.

توركیا لەماوەی چەند رۆژی رابردو بەبەرچاوی ئەمریكاو هاوپەیمانان بۆمبارانی رۆژئاوای كوردستانی كردوە. بنكەیەكی سەربازیی هەسەدەی بۆمباران كردوە لە ناوچەی (مكمان) باكوری پارێزگای دێرزۆر، نزیك چیای كەزوان (عەرەب پێی دەڵێن عەبدولعەزیز ) نزیكەی 80 كیلۆمەتر لەقوڵایی خاكی رۆژئاوای كوردستانە. ئەوەی جێی سەرنجە ئەو بنكەیە لەتەنیشت بنكەی سەربازانی ئەمریكاو هاوپەیمانانەوەیە. هەروەك سێ‌ بنكەی پاراستنی ئاسایشی كامپی هۆل-ی بۆمباران كردوە كەدەكەوێتە رۆژهەڵاتی حەسەكە بەدوری  45 كیلۆمەتر و 10 كیلۆمەتر لەسنوری عیراق دورە. بۆمبارانكردنی بنكەی پاراستنی كامپی هۆل كە زیاتر لە 55 هەزار ژن و منداڵی تیرۆرستانی داعشی تێدایە، بەڵگەی ئەو راستیەیە كە توركیا دەیەوێت گرفتی ئەمنی بۆ رۆژئاوای كوردستان دروستبكات و تیرۆرستانی كەمپەكە لەڕێی لێدانی بنكەكانی ئاسایش ئازادیان بكات.

هەروەك بنكەیەكی سەرەكی هێزەكانی هەسەدەیان لەكامپی لایفستۆن (استراحە الوزیر) لەنزیك حەسەكە بۆمباران كردوە كە بەتەنیشت بارەگایەكی ئەمریكاو هاوپەیمانانەوە بوە نزیكەی 65 كیلۆمەتر لەسنوری توركیاوە دورە.

بەپێی سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو برێت مەگكۆرك نوێنەرو هەماهەنگیكار لەئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا، ئەمڕۆ فشاری زۆر لەتوركیا كردوە بۆیە توركەكان هێرش و پەلاماردانەكانیان راگرتوە یان زۆر كەمكردۆتەوە. بەپێی ئەو سەرچاوانە ئەمریكا لەو پەلاماردانانەی توركیا تەواو نیگەران بوە، بەتایبەت چەند شوێنێكی زۆر نزیكی بنكەكانی ئەمریكا بۆمباران كردوە، هەروەك لەنزیك دێرك، 12 هاوڵاتی مەدەنی بەبەرچاوی هێزەكانی ئەمریكا لەلایەن فرۆكەكانی تورك شەهید كراون.

هێزو لایەنە كوردستانییەكان بەتایبەت باشوری كوردستان تائێستا هیچ هەڵوێستێكیان لەبارەی ئەو پەلاماردانانەوە نەبوە كە جگە لەزیانی گەورەی ماددی بەژێرخانی ئابوریی رۆژئاوای كوردستان، هاوكات نزیكەی 50 هاوڵاتی شەهید بون و سەدان برینداریش هەیە. گروپی ئەنەكەسەش كە سەر بەئەجێندای توركن و لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان لەباشوری كوردستان پشتیوانیی دارایی دەكرێن، ئەمڕۆ بەیانێكی دەركردوە جگە لەوەی ئیدارنەی پەلاماردانەكانی توركیای نەكردوە، هاوكات بەیاننامەكە تێكەڵ بەپەلاماردانەكانی هەرێم لەلایەن ئێرانەوە كراوەو بەزمانێكی زبر باسی ئێران دەكات، بێئەوەی باسی ئەو كوشت و كوشتارو نەهامەتیەكانی رۆژئاوای كوردستان بكات!

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×