یەکێتی: مەترسی راستەقینە لەسەر هەرێم هەیە بۆیە بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ لایەنەکان کۆبوەوە
  2022-11-25       396       

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، کۆبونەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممەی سەرۆکی حزبەکەی لەگەڵ سەرۆکی لایەنە سیاسییەکان جگە لە پارتی دیموکرات، بۆ گفتوگۆکردن بوە لەسەر ئەو مەترسییانەی بەرۆکی هەرێمیان گرتوە، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە، تا ئێستا پارتی دیموکرات لەسەر بایکۆتکردنی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە، نەهاتوەتە سەر خەت.

ئاوێنە: رزگار حاجی حەمە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، بە دەنگی ئەمریكای راگەیاند "کۆبونەوەی سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ کەسی یەکەمی لایەنە سیاسییەکان، بۆ گفتوگۆ و راوێژ بو، سەبارەت بە دۆخی هەرێم و عێراق، چونکە مەترسی راستەقینە لە ئارادایە لەسەر هەرێم."

وتیشی"یەکێتی بڕوای بە شەراکەتی راستەقینە هەیە لە بەشداری لە حکومەتی عێراق و هەرێم، بۆیە دۆخەکە پێویستی بە راوێژی لایەنە سیاسییەکان و دۆزینەوەی رێگە چارە هەیە بۆ ئەو دۆخەی هەرێم و عێراقی تێدایە."

کۆبونەوەکەی سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ لایەنەکان هاوکاتە لەگەڵ خراپی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی، لەوبارەیەوە رزگار حاجی حەمە وتی "راستە، نیگەرانییەکانمان بەشێک بو لە کۆبونەوەکە، تا رێگە چارەی دروست بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوە، چونکە هەرێم هی هەمو لایەنەکان و خەڵکی کوردستانە."

جەختیشیکردەوە "کۆمەڵێک مەترسی راستەقینە لەسەر هەرێم هەن ، پێویست دەکات لەسەر ئەو مەترسییانە لەگەڵ لایەنەکان گفتوبکرێ، بۆیە ئەو مەترسیانەش تاوتوێ کران."

سەبارەت بەو مەترسییە "راستەقینانە"ی لەسەر هەرێم هەن، رزگار مەکتەب سیاسییەکەی یەکێتی وتی"جگە لە خراپی دۆخی خزمەتگوزاری لە سلێمانی، هەرێم کەوتوەتە بەر بۆردومانی وڵاتانی دراوسێ، دەبێت وەکو کورد یەک هەڵوێست بین و بەرنامە و پلانمان هەبێت، تا بە شێوەیەکی گونجاو و بەپێی دەستور هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بدرێت."

رزگار حاجی حەمە وتیشی"ئێمە هەرێمێکی بچوکین، پشتیوانی ئەوتۆمان نییە، خەڵک لە دۆخی ناهەمواردایە، دەبێت بەرانبەر بچوکترین مەترسی بێینە سەر خەت و رێگە چارە بۆ هەمو ئەگەرەکان دابنێین."

دەربارەی ئامانجی یەکێتی لە خستنەڕوی بیرۆکەی دروستکردنی ئەنجومەنی پارتە سیاسییەکان، کە لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆکی یەکێتی و لایەنەکان باسکراوە، ئەندام مەکتەب سیاسییەکەی یەکێتی وتی"تا ئێستا شتی لەو بابەتە نییە، ئێمە حکومەتی هەرێممان هەیە و یەکێتی و لایەنەکان تێیدا بەشدارن، بەڵام گەر ئەنجومەنێکی سیاسیش هەبێت بۆ راوێژ لە بەرامبەر ئەو ئەگەرانەی دێنە پێشەوە، ئاساییە."

رزگار حاجی حەمە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، لەبارەی بایکۆتکردنی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتی"وەکپێویست خزمەت بە زۆنی سەوز نەکراوە، کاک قوباد لە پێناوی خواستەکانی خەڵک بایکۆتی کردوە، کە حکومەت و بەدیاریکراوی سەرۆکی حکومەت وەکو پێویست ئاوڕی لەم سنورە نەداوەتەوە، بە تایبەت ئەو بڕگە و مادانەی بۆ پێکهێنانی حکومەت واژومان لەسەرکردوە، جێبەجێ نەکراون."

ڕونیشیکردەوە، هێشتا پارتی دیموکرات لەسەر بایکۆتکردنی کۆبونەوەکان لەلایەن جێگری حکومەتەوە نەهاتوەتە خەت، وتی "تا ئەوکاتەی خواستەکانی خەڵک و تێبینییەکانی یەکێتی بەهەند وەردەگیرێن، کاک قوباد هەڵوێستی دەبێت."

دوێنێ پێنجشەمە، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە هاوینە هەواری دوکان، لەگەڵ کەسی یەکەمی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان جگە لە پارتی دیموکرات کۆبویەوە، بەپێی راگەیەنراوێکی سەرۆکی یەکێتی، تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکە، گفتوگۆکردن بو لەسەر دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسی، ئابوری و ئەمنییەکانی هەرێم و عێراق و ناوچەکە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×