سوپای پاسداران ناردنی هێز بۆ سنورەكانی هەرێمی كوردستان پشتڕاستدەكاتەوە
  2022-11-25       461       

فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران، ئەمڕۆ هەینی، رایگەیاند، هێزی زرێپۆش و هیزی تایبەتی زەمینیان رەوانەی سنورەكانی هەرێمی كوردستان كردوەو هێزی زیاتریش رەوانە دەكەن، ئەوەش بەقسەی ئەو دوای جوڵەی "گروپە جوداخوازەكان" دێت لە لە باكوری رۆژئاوای وڵات(كوردستانی رۆژهەڵات).

ئاوێنە: محەمەد پاكپور، فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسدارانی، ئەمڕۆ هەینی، راگەیەندراوە"لەدوای جوڵەی گروپە تیرۆریستی و جوداخوازەكانی نەیاری ئێران لە باكوری رۆژئاوای وڵات و دروستكردنی دۆخی پێشوی و نائارامی لە هەندێك ناوچە" هێزی زەمینی سوپا، یەكەكانی خۆی لەسەر سنور لەگەڵ هەرێمی كوردستان زیاتر دەكات.

جەختیشی كردۆتەوە كە زۆر بەتوندی روبەڕوی ئەو كەسانە دەبنەوە كە دەبنە مایەی "نائارامی" لەو ناوچانە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، لەئێستادا بەشێك لە یەكەكانی زرێپۆش و هێزە تایبەتەكانی پیادە، بەرەو پارێزگا سنورییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان رەوانە دەكرێن، ئەوەش بەقسەی ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران بۆ "رێگریكردنە لە هاتنە ناوەوەی تیمەكانی تیرۆریستانی سەربە گروپە جوداخوازەكان كە لە هەرێمی كوردستان عێراق جێگیرن."

ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چەند دیمەنێكی ناردنی هێزی زرێپۆش و تانكی زیاتری ئێرانی بۆ پارێزگا سنورییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، بڵاوكرانەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×