لاهور شێخ جەنگی لە ساڵیادی كوژرانی موراد كانی كوردەیی و هاوڕێكانی پەیامێكی بڵاوكردەوە
  2022-11-25       1293       

لاهور شێخ جەنگی، ئەمڕۆ هەینی، لە ساڵیادی كوژرانی موراد كانی كوردەیی و هاوڕێكانی پەیامێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند، دەستیان دەچێتە خوێنی ئەم هەمو شێرەکوڕەی خۆیان، بەڵام لە بەرامبەر دوژمن زەردهەڵگەڕاو و لەسەر ئەژنۆن. دەشڵێت، "ئێستا کە ساڵێک تێپەڕ دەبێت بەسەر ئەو کردەوە تیرۆریستییەدا، هێشتا تاوانباران دەستگیرنەکراون.. بۆ ئەوەی یاسا سەروەر بێت دانمان بەخۆماندا گرتوەو هیچ کاردانەوەیەکمان نەبوە، داوا لە دەسەڵاتی دادوەری دەکەین کە ئەرکی یاسایی خۆی جێبەجێ بکات."

ئاوێنە: لاهور شێخ جەنگی لە پەیامەكەیدا وتویەتی"ساڵێک بەر لە ئێستا و لە ئێوارەیەکی شومدا، کارەساتێکی قێزەون دڵی هەمومانی کون کون کرد، عەقید مورادو هاوڕێکانی بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێکیان ئەنجامدابێت بە دەستێکی نامەردانەو ترسنۆکانە خەڵتانی خوێنکران."

هەروەها وتوشیەتی"ساڵێک دوای شەهیدبونیان ئەوانەی کە دەستیان هەبو لە تیرۆرکردنیان بە بێباکی و بە لوتبەرزییەوە بە بەرچاوی هەموان دەسوڕێنەوەو بەردەوامن لە ترس و تۆقاندن و بە تاڵانبردنی سەرمایە و هەڕاجکردنی ئەم خاکە، بارودۆخێکیان دروستکردوە کە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسی فاشیستیش وێنەی نەبوە، بێئاگان لەوەی کە کەوتونەتە بەر نەفرەتی میللەت و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ باریان لە لێژی و هەنگاو بەرەو ڕیسوابونی یەکجارەکی دەبەن."

ئەوەشی وتوە"سەد مەخابن کە دەستیان دەچێتە خوێنی ئەم هەمو شێرەکوڕەی خۆیان، بەڵام لە بەرامبەر دوژمن زەردهەڵگەڕاو و لەسەر ئەژنۆن."

لاهور شێخ جەنگی وتوشیەتی"ئێستا کە ساڵێک تێپەڕ دەبێت بەسەر ئەو کردەوە تیرۆریستییەدا، هێشتا تاوانباران دەستگیرنەکراون، ئێمە و کەسوکارەکانیان بۆ ئەوەی یاسا سەروەر بێت دانمان بەخۆماندا گرتوە و هیچ کاردانەوەیەکمان نەبوە، داوا لە دەسەڵاتی دادوەری دەکەین لە هەرێمی کوردستان کە ئەرکی یاسایی خۆی جێبەجێ بکات بۆ ئەم دۆسیەیە و تاوانبارانی ڕاستەقینەی ئەم کردەوە تیرۆریستییە ئاشکرا بکەن بۆ ڕایگشتی و راپێچی بەردەم دادگا بکرێن و بە سزای یاسایی خۆیان بگەن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×