بەهۆی ئەوەی سیستمی هاتوچۆی گەشتیاری لە دیوی ئێران "هەورە بروسکە لێیداوە و لەکارکەوتوە"، لەسەر داوای ئێران، دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان بڕیاریدا بەشێوەیەکی کاتی هاتوچۆی گەشتیاری لە دەروازەکە رابگیرێت.
ئاوێنە: عەباس ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان، ئەمڕۆ هەینی، بە خەندان-ی راگەیاند، لایەنی ئێران ئاگاداریکردونەتەوە کە بەهۆی ئەوەی سیستمی هاتوچۆی گەشتیاری ئەوان هەورە بروسکە لێیداوەو لەکارکەوتوە، بۆیە بەشێوەیەکی کاتی و تاوەکو بەیانی هاتوچۆی گەشتیاری لە دەروازەی پەروێزخان راگیراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەئێستادا لەگەڵ لایەنی ئێران لەسەر هێڵن و هەرکاتێک سیستمی هاتوچۆی گەشتیاری ئەوان کارابکرێتەوە، هاتوچۆی هاوڵاتیان دەستپێدەکاتەوە.
سەرپەرشتیاری کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان وتیشی، هاتوچۆی بازرگانی لە دەروازەکە هیچ گرفتێکی نییەو بەردەوامە.