2022-11-25   477     
شەوی رابردوو لە تاران و شارە گەورەکانی ئێران بۆ پشتیوانی لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆپێشاندان کرا.
لە تاران خەڵک خۆپێشاندانیان کرد و دروشمی "مردن بۆ دیکتاتۆر"یان دەوتەوە و رایانگەیاند، بەردەوام دەبن لە ناڕەزایی دەربڕین. بەشێک لە بەشداربووانی گردبوونەوەکانیش پشتیوانی خۆیان بۆ خۆپێشاندەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕی و رایانگەیاند: "کوردستان تەنیا نییە."
هەروەها لەنێو شاری مەشهەد و لە چەند گەڕەکی شارەکانی کەرەج، ئەسفەهان، قەزوین، ئەهواز و شیرازیش خۆپێشاندان و ناڕەزایی بەڕێوەچوو.
لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش لە شارەکانی کرماشان، سنە، سەقز، بۆکان و گەڕەکە کوردییەکانی نێو شاری ورمێ خۆپیشاندان و ناڕەزایی بەردەوام بوو.
70 رۆژە خۆپێشاندان و ناڕەزایی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوەدەچێت. بەپێی ئاماری کۆمەڵەی چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە ئێران، تاوەکو دوێنێ پێنجشەممە 445 کەس بە تەقە، لێدان و لە ژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئێراندا گیانیان لەدەستداوە کە 63یان منداڵن. مەزندە دەکرێت زیاتر لە 18 هەزار کەسیش دەستبەسەرکرابن.