راپرسییەك: ئازادی رادەبڕین لە سلێمانی لە پاشەكشەدایە
  2022-11-26       484       

بەپێی راپرسییەك كە لەلایەن رێكخراوێكی ئەمریكی بەناوی پڕۆژەی ئازادیی رۆژنامەگەریی (PFP)ەوە ئەنجامدراوە، ئازادی رادەربڕین لە سلێمانی لە دوای روداوەكانی 8ی تەمموزی نێو یەكێتی، لە پاشەكشەدایەو لەسەدا 50ی بەشدارانی راپرسییەكە لەگەڵ دوئیدارەییدان و لەسەدا 57یشیان بایكۆتی هەڵبژاردنی داهاتو دەكەن.

ئاوێنە: رێكخراوی پڕۆژەی ئازادیی رۆژنامەگەری ئەمریكی (PFP) كە بنكەكەی لە واشنتۆنە، راپرسییەكی گشتگیریی لەبارەی ئازادیی رادەربڕین و باری ئەمنی و ئیداریی لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان ئەنجامداوە كە ماوەی 72 سەعات بەردەوام بوە لە لەكاتژمێر 10:00 رۆژی چوارشەممە 16/11/2022 تاوەكو كاتژمێر 10:00 رۆژی شەممە 19/11/2022.

راپرسییەكە لەلایەن بەهاواری تیمێكی پسپۆڕ لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوەو سێ هەزارو 57 كەس بەشدارییان تێدا كردوە.

بەگوێرەی ئەنجامەكانی راپرسییەكە، دۆخی ئازادیی رادەربڕین لە سلێمانی لە پاشەكشەدایەو زۆربەی بەشدارانی راپرسییەكە لەگەڵ ئەوە بون كە دۆخی ئازادیی رادەربڕین لە سلێمانی، دۆخێكی خراپە، بەشێوەیەك كە لەسەدا 25ی بەشدارانی راپرسییەكە دۆخی ئازادیی رادەربڕینیان بە خراپ و لەسەدا 24.9یش بە زۆر خراپ زانیوە.

 هەروەها لەسەدا 35.9ی بەشدارانی راپرسییەكە پێیانوایە ئاستی بارودۆخی كارگێڕیی، دابینكردنی ئاسایش و دەرفەتی كار لەسلێمانی، خراپ و لەسەدا 31.1یش پێیانوایە زۆر خراپە.

لەبارەی ئەوەی پاشەكشەی ئازای لە سلێمانی كەی دەستی پێكردوە، لەسەدا 40.6ی بەشداربوانی راپرسییەكە پێیانوایە لەدوای روداوەكانی 8ی تەموزی نێو یەكێتی و لەسەدا 35.4یشیان پێیانوایە لەدوای دەستبەكاربونی مەسرور بارزانی لە پۆستی سەرۆك وەزیران دەستی پێكردوە.

لەسەدا 33.3 ی بەشدارانی راپرسییەكە خراپی ئیدارەدانی ئیدارەدانی سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجەیان خستۆتە ئەستۆی یەكێتی و لەسەدا 32یش خستویانەتە ئەستۆی پارتی.

 هەر بەپێی ئەنجامەكانی راپرسییەكە، لەسەدا 50.8ی بەشداران پشتیگرییان لە دوئیدارەیی كردوەو لەسەدا 49.2یشیان لەگەڵ دوئیدارەیی نین.

هەروەها زۆرینەی بەشدارانی راپرسییەكە ئەدای یەكێتییان لەناو حكومەت و ئیدارەی سلیمانی بە خراپ ناوبردوە، بەشێوەیەك كە لەسەدا 44.4ی بەشدارانی راپرسییەكە پێیان وایە ئەندای یەكێتی لەناو حكومەت و ئیدارەی سلێمانی زۆر خراپەو لەسەدا 29.4یشیان پێیانوایە خراپە.

هەروەها زۆرینەی بەشدارانی راپرسییەكە ئەداو كارەكانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانیان بە خراپ زانیوە.

بەپێی ئەنجامی راپرسییەكە لەسەدا 57.2ی بەشداران وتویانە، بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی كوردستان ناكەن لەكاتێكدا لەسەدا 42.8 وتویانە بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا دەكەن.

سەبارە بەو لایەنەی كە دەنگی پێدەدەن لە هەڵبژاردنی داهاتودا، بەپێی ئەنجامی راپرسییەكە دەنگەكانی یەكێتی و نەوەی نوێ لە سلێمانی لەیەكدییەوە نزیكن بەشێوەیەك كە لەسەدا 25.1ی بەشدارانی راپرسییەكە وتویانە دەنگ بە یەكێتی و لەسەدا 24.6 وتویانە دەنگ بە نەوەی نوێ دەدەن.

هەروەها لەسەدا 43.5ی بەشدارانی راپرسییەكە پێیانوایە لاهور شێخ جەنگی دەتوانێت دۆخی سلێمانی و هەڵەبجە پێشبخات، لەكاتێكدایە كە لەسەدا 19.5 پێیانوایە شاسوار عەبدولواحید، لەسەدا 18.1یش پێیانوایە بافڵ تاڵەبانی دەتوانێت ئەو كارە بكات.

بۆ بینینی تەواوی راپرسییەكە لێرە كلیك بكە

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×