سەندیکا: هەڵمەتێکی ترسناک بەرانبەر ڕۆژنامەنوسان لەلایەن ئاسایشی سلێمانیەوە دەبینرێت
  2022-11-26       385       

سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان رایگەیاند، ماوەیەکە هەڵمەتێکی ترسناک و فۆڕمێکی ترسناکی پێشێلکاری بەرانبەر رۆژنامەنوسان لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەبینرێت و دەشڵێت، ئەمڕۆ 4 رۆژە هێزێکی ئەمنی لەکاتی خەودا هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی رۆژنامەنوس 'رەوا بورهان' و لەماڵ دەبرێتە دەرەوەو تا ئێستاش چارەنوسی ونە.

ئاوێنە: لیژنەی داکۆکی لەئازادی رۆژنامەنوسی و مافی رۆژنامەنوسان لە سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"ژمارەیەک سکاڵاو پەیوەندی رۆژنامەنوسانی پارێزگای سلێمانی ئاراستەی لیژنەی داکۆکی کراوە لەلایەن رۆژنامەنوسانی پارێزگای سلێمانی، کە هەست بە مەترسی بۆ سەر ژیان و کەسایەتیان دەکەن."

ئەوەشی خستۆتەڕو"ماوەیەکە هەڵمەتێکی ترسناک و فۆڕمێکی ترسناکی پێشێلکاری بەرانبەر رۆژنامەنوسان لەپارێزگای سلێمانی لەلایەن ئاسایشی سلێمانیەوە دەبینرێت، کە بریتیە لە رفاندن و دەستگیرکردن و هەڵکوتانە سەرماڵی رۆژنامەنوسان."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "نمونەی ئەمانە رۆژنامەنوس 'هۆشیار عەلی'پەیامنێری سایتی وشە، ماوەیەک لەمەوبەر  لەشەوێکدا بۆ روماڵ دەچێتەدەرەوە، لەلایەن هێزێکی ئەمنیەوە هەڵدەکوتنە سەری و دەستگیردەکرێت و تورەکەی پرتەقاڵی تیرۆرستی دەکەنە سەری و ماوەی 24 کاتژمێر سەرنگوم دەبێت و دواتر ئازاد دەکرێت. جگەلەوەی دەست بەسەر تەواوی کەلوپەلە رۆژنامەنوسیەکەی دەگرن، شوێنی ئەشکەنجەدان لەسەر جەستەی دیاردەبێت."

هەروەها ئەوەشی وتوە"ئەمڕۆ 4 رۆژە هێزێکی ئەمنی لەکاتی خەودا هەڵیان کوتاوەتە سەرماڵی رۆژنامەنوس 'رەوا بورهان' و لەماڵ دەبرێتە دەرەوەو تا ئێستاش چارەنوسی ونە."

لیژنەكەی سەندیكا داوای كردوە "هەرچی زوترە ئەم جۆرە رەفتارانە بەرامبەر رۆژنامەنوسان کۆتایی پێ بهێنرێت، بەپێچەوانەوە ناچاردەبین رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بەمافی مرۆڤ ئازادی  رۆژنامەنوسی ئاگاداربکەینەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×