مەلا بەختیار دهڵێت، بەداخێکی زۆرەوە کوردستان لەدۆخێکی نالەباردایەو تا ئێستا یهكێتیو پارتی رێککەوتنیان نییەو زەمینەی رێککەوتنی سیاسی لەکوردستاندا نییە. ئاماژه بۆ ئهوهش دهكات كه ئهو دو حزبه هەریەک بەلای خۆیدا لاربونتەوە نەک نزیک.
ئاوێنه: ئەمڕۆ شەممە بەدروشمی (ئاین بۆ تاکو دیموکراسی بۆ هەمووان) حەوتەمین کۆنفرانسی پلاتفۆڕمی دابڕان و پێنجەمین کۆنفرانسی فێمێنیزمی رۆشنگەریی لەشاری سلێمانی و بەوتاری مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتی پلاتفۆرمی دابڕان، دەستپێکرد.
لە وتارەکەیدا، سەرپەرشتیاری گشتی پلاتفۆرمی دابڕان، رایگەیاند، "ئێمە کە دەڵێین رۆشنگەری، ئازادی، فەلسەفەی هاوچەرخ، مەبەستمانە چەمکە فراوانەکەیەتی، بەجەوهەرە دیموکراسیەکەیەوە، مەبەستمانە هەم فەلسەفەی دنیایی ئازادبێت، هەم فەلسفەی دنیایی و دیینی لەیەکتر جیابکردێتەوە و سەرەنجام، دین و ئایینزاکان هەموویان ئازادبن، پێکەوە هەڵبکەین و پێکەوە تێبکۆشین، ئەرکەکانمان رابپەڕێنین و ئەو وزەیەی کە هەمانە سەرەڕای جیاوازی روانگەمان، هەموویان بخرێنە خزمەتی پێشکەوتن و مرۆڤایەتی".
لهبارهی دۆخی ههرێمهوه مەلا بەختیار رونیکردەوە، بەداخێکی زۆرەوە کوردستان لەدۆخێکی نالەباردایەو تا ئێستا دو حزب رێککەوتنیان نییەو زەمینەی رێککەوتنی سیاسی لەکوردستاندا نییەو هێشتا کۆڵەگە سەرەکییەکانی سیاسەت لەکوردستاندا کە یەکێتیو پارتییە، هەردوکیان، هەریەک بەلای خۆیدا لاربونتەوە نەک نزیک.
لهبارهی دۆخی عێراقیهوه وتی، "عیراق هێشتا سەرۆک وەزیرانێکی تازەی هەیە، ناتوانرێ هیچ جۆرە گرێوێکی لەسەر بکرێت! هەتا شەش مانگ بۆ ساڵێک ئەم زاتە تاقینەکردێتەوەو پابەندبوونی بەدەستور، نەک بە بەڵێنی لاوەکی نەسەلمێنرێت، ناتوانرێت بوترێت ئەم سەرۆک وەزیرانە، باشترە یان سەرکەوتووترە لەسەرۆک وەزیرانەکانی تر. چونکە ژینگەی سیاسی، مەزهەبی و هێزی چەکدارو چەکداری تایبەتی عیراق، ئەو دۆخە ئابورییە تێکوپێکچووەی ئێستا و ئەو گەندەڵستانی ئێستا لەعیراقدا بەرقەرارە، هەموو پێکەوە وادەکای ئەم زاتە بەئاسانی نەتوانێت هەموو بیرە جوانەکانی خۆی، گریمان کە زۆر باشیش بێت و دیموکراتێکی عەیار (٢٤)یش بێت، لەناو ئەو ژینگە سیاسی، ئابوریی و کۆمەڵایەتییەی عیراق جێبەجێبکات و سەرکەوتووبێت! چونکە دەستی بەدەستی کردن بە بڕگە و مادەکانی دەستور و جێبەجێ نەکردنی مادەی (١٤٠) فەرامۆشی نەبووە! بەڵکو بە بەرنامە و بەپێکان بووە لەعیراقدا، کە نابێ ئەم مادەو بڕگانە جێبەجێ ببێت."
راشیگەیاند: "هەموو ئەمانەی لێرە دانیشتوین و هەزاران کەس کە لەژێر کاریگەری دابڕاندان لەکوردستاندا، کەسمان سەرمان نائێشێ تا پەڕۆی پێوە ببەستین! هەموو کەسێک دەتوانێ خۆی لەقەرەی ئەم فەلسەفەیە نەدات و خۆیشی توشی هیچ کێشەو بێشەیەک و هەڵمەتی ئەقڵ رەشەکانیش نەکات، کە بەڕاستی زۆر نەشیاو و ناشرین، هەوڵدەدەن کەسایەتی خاوەن بیروباوەڕە جیاوازەکان بشکێنن! هەموو ئەوانەی رۆشنگەریی، مەدەنیەت، سیکولاریزم و دیموکراسی راستەقینەیان قبوڵنییە، هەوڵدەدەن هەر کەسێک بیرو ئایدلۆجیەت و فەلسەفەی جیاوازی هەبێ، نابوتیان بکەن! سەدان بوختان و درۆو دەلەسەی بۆ هەڵدەبەستن و گەلەکۆمەکە و هەرەوەزی شکاندنی کەسایەتییەکان لە کوردستان، لەپلاتفۆرمە جیاوازەکانی سۆشیالمێدیا هەیە و بەڕێوەیدەبەن. کە هەرەوەزێکی ترسناکە و هەر کەسێک قسەیەک بکات بۆنی دیموکراسی و رۆشنگەری راستەقینەی لێبێت، لایەنیکەم دووسەد کەس، بە کۆمێنت هێرشی دەکەنە سەرو هەوڵی شکاندنی دەدەن و بێڕێزی پێدەکەن."
لەکوتایی وتارەکەشیدا، مەلا بەختیار، جەختیکردەوە، "لەم قۆناغەدا هەر شەڕێک، ئیعلامی، کۆمەڵایەتی، عەسکەری و ئەمنی هەبێ، لەنێوان سکۆلارو غەیرە سکۆلارەکاندا، سکۆلارەکان تیایدا دەشکێن! تەنانەت ئەگەر سکۆلاریست و مەدەنی و دیموکراتە راستەقینەکان بگەنە ئەوپەڕی دەسەڵاتیش، هەڵەیە ئازادی ئایین و مەزهەب قەدەغەبکەن. چونکە سنووری ئێمە تا ئەو شوێنەیە کە سنووری ئەوانی دیکە دەستپێدەکات."
ئهوهشی وت، "دابڕان و فیمێنیزمی رۆشنگەری، هەڵمەتی نەبردووەتە سەر هیچ ئایین و لایەنێکی سیاسی و حزبێک. کێشەشمان لەگەڵ هیچ بەرپرسێکی حزبە سیاسییەکان نییە. بەڵکو ئەوە هەندێک بەرپرسن دەچن فیت و فاتمان لەسەر دەکەن و قسەمان لەسەر دەکەن، پیرۆزیان بێت، با بزانین ئەو سیاسەتە جگە لەنەهامەتی و پەشیمانی چی لەدواوەیە."