پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ یه‌كتری‌ به‌ئه‌نجامدانی‌ پێشێلكاریی‌ به‌رامبه‌ر ڕۆژنامه‌نوسان تۆمه‌تبارده‌كه‌ن
  2022-11-26       469       

له‌چوارچێوه‌ی‌ ناكۆكی‌‌و گرژییه‌كانی‌ نێوان یه‌كێتی‌‌و پارتی‌، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، دو به‌یاننامه‌ی‌ دژ به‌یه‌ك له‌لایه‌ن سەندیكای رۆژنامەنوسانی‌ كوردستانه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌. هه‌ردولا یه‌كتر تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌ئه‌نجامدانی‌ پێشێلكاریی‌و ده‌ستگیركردنی‌ ڕۆژنامه‌نوسان له‌زۆنی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتیان.

ئاوێنه‌: به‌یاننامه‌ی‌ یه‌كه‌م له‌لایه‌ن لیژنەی داکۆکی لەئازادی رۆژنامەگەری‌و مافی رۆژنامەنوسان كه‌ سه‌رۆكه‌كه‌ی‌ سه‌ر به‌پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانه‌ بڵاوكرایه‌وه‌، له‌به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌، "ماوەیەکە هەڵمەتێکی ترسناک‌و فۆڕمێکی ترسناکی پێشێلکاری بەرانبەر رۆژنامەنوسان لەپارێزگای سلێمانی لەلایەن ئاسایشی سلێمانیەوە دەبینرێت، کە بریتیە لەرفاندن‌و دەستگیرکردن‌و هەڵکوتانە سەرماڵی رۆژنامەنوسان."

له‌به‌رامبه‌ردا، جێگری نەقیبی رۆژنامەنوسانی کوردستان كه‌ سه‌ر به‌یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستانه‌، ڕاگه‌یه‌ندراوێكی‌ بڵاوكردۆته‌وه‌و له‌به‌شێكیدا هاتووه‌، "لیژنەی داکۆکی لەئازادی رۆژنامەنوسی‌و مافی رۆژنامەنوسان، کە ئەم لیژنەیە سەر بەسەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستانە، لەسەر پارێزگای سلێمانی راگەیه‌ندراوی هەبووە، جگە لەوەی ئەم بەیاننامەیە زۆر بەپەلە نوسراوە، هەروەها زمانی دەربڕینی بەیاننامەکە لەسەر ئاسایشی سلێمانی وەک دامەزراوەیەکی فەرمی حکومەتی هەرێم، زمانێکی توندو تۆمەتبەخشە."

ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌، "ئەم بەیاننامەیەی لیژنەی داکۆکی لەسەر پارێزگای سلێمانی لەکاتێکدایە، کە لەهەولێرو دهۆک چەندین پێشێلکاری زەق‌و دەستگیرکردنی رۆژنامەنوسان بونی هەیەو باس ناکرێت."


ده‌قی‌ هه‌ردو به‌یاننامه‌كه‌:


بەیاننامەی لیژنەی داکۆکی لەئازادی رۆژنامەنوسی ومافی رۆژنامەنوسان سەبارەت هەڵمەتێکی ترسناک دژی رۆژنامەنوسان لەلایەن ئاسایشی  پارێزگای  سلێمانیەوە:

ژمارەیەک سکاڵاو پەیوەندی رۆژنامەنوسانی پارێزگای سلێمانی ئاراستەی لیژنەی داکۆکی کراوە لەلایەن رۆژنامەنوسانی پارێزگای سلێمانی، کە هەست بە مەترسی بۆسەرژیان و کەسایەتیان دەکەن. ماوەیەکە هەڵمەتێکی ترسناک و فۆڕمێکی ترسناکی پێشێلکاری بەرانبەر رۆژنامەنوسان لەپارێزگای سلێمانی لەلایەن ئاسایشی سلێمانیەوە دەبینرێت، کە بریتیە لە رفاندن و دەستگیرکردن و هەڵکوتانە سەرماڵی رۆژنامەنوسان. نموونەی ئەمانە رۆژنامەنوس 'هۆشیار عەلی'پەیامنێری سایتی وشە، ماوەیەک لەمەوبەر  لەشەوێکدا بۆ روماڵ دەچێتەدەرەوە،لەلایەن هێزێکی ئەمنیەوەهەڵدەکوتنە سەری و دەستگیردەکرێت و تورەکەی پرتەقاڵی تیرۆرستی دەکەنە سەری و ماوەی 24 کاتژمێر سەرنگوم دەبێت ودواتر ئازاد دەکرێت. جگەلەوەی دەست بەسەر تەواوی کەلوپەلە رۆژنامەنوسیەکەی دەگرن، شوێنی ئەشکەنجەدان لەسەر جەستەی دیاردەبێت. ئەمڕۆ 4 رۆژە هێزێکی ئەمنی لەکاتی خەودا هەڵیان کوتاوەتە سەرماڵی رۆژنامەنوس' رەوا بورهان' و لەماڵ دەبرێتە دەرەوەو تا ئێستاش چارەنوسی وونە .لەهەمان کاتدا چەندین پێشێلکاری تر لە ناوچەو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە بەرانبەر رۆژنامەنوسان. ئەمە جگە لەوەی مەترسیەکی گەورەیە بۆسەر پرۆسەی ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری و پێشێلکردنی تەواوی یاسا ناوخۆیی ونێودەوڵەتیەکانی تایبەت بەئازادی رۆژنامەنگەری و پاراستنی رۆژنامەنوسان. ترس و دڵەراوکێیی لای رۆژنامەنوسان دروست کردوەو دەڵێن مەترسی لەسەر لەژیانمان هەیە. بۆیە ئێمە لەلیژنەی داکۆکی لەئازادی رۆژنامەنوسی ومافی رۆژنامەنوسان داوادەکەین هەرچی زوترە ئەم جۆرە رەفتارانە بەرامبەر رۆژنامەنوسان کۆتایی پێ بهێنرێت، بەپێچەوانەوە ناچاردەبین رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بەمافی مرۆڤ ئازادی  رۆژنامەنوسی ئاگاداربکەینەوە.
لیژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەگەری‌و مافی رۆژنامەنووسان
هەولێر
26/11/2022


راگەیێندراوێک لەلایەن جێگری نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان
بۆ سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن و رای گشتی
ئەمڕۆ شەممە رێککەوتی ٢٦ی ١١ـی ٢٠٢٢ لیژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان، کە ئەم لیژنەیە سەر بە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانە، لەسەر پارێزگای سلێمانی راگەیێندراوی هەبووە، جگە لەوەی ئەم بەیاننامەیە زۆر بەپەلە نووسراوە، هەروەها زمانی دەربڕینی بەیاننامەکە لەسەر ئاسایشی سلێمانی وەک دامەزراوەیەکی فەرمی حکومەتی هەرێم، زمانێکی تووندو تۆمەتبەخشە.
ئێمە لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، بە ئەرکی خۆمان دەزانین بێجیاوازی داکۆکی لە رۆژنامەنووسان بکەین، بەڵام زمانی نووسینی بەیاننامەکەی ئەمڕۆی لیژنەی داکۆکی، زمانێکە پڕیەتی لە رق و دووبەرەکی و زەقکردنەوەی کاری حیزبی لەنێو سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان.
ئەم بەیاننامەیەی لیژنەی داکۆکی لەسەر پارێزگای سلێمانی لە کاتێکدایە، کە لە هەولێر و دهۆک چەندین پێشێلکاری زەق و دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان بوونی هەیەو باس ناکرێت.
بەداخەوە ئەم بەیاننامەیە بە مەبەست و ئامانجێکی سیاسی لەسەر سلێمانی بڵاوکراوەتەوە، کە بەهیچ شێوەیەک زمان و بۆچوونی تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەندیکا نییەو ئەم جۆرە شێوازی نووسین و بەیاننامەیە رەتدەکەینەوە.
بژار حەکیم
جێگری نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان
هەولێر
٢٦ـی ١١ـی ٢٠٢٢

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×