سەنتەری جێندەرو گەشەپێدانی زانکۆی ئەمریکی لەسلێمانی ئەنجامەکانی پڕۆژە سێ ساڵییەکەی خۆی خستەڕوو
  2022-11-26       349       

ئەمڕۆ سەنتەری جێندەرو گەشەپێدانی سەر بە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی ئەنجامەکانی پڕۆژە سێ ساڵییەکەی خۆی خستەڕوو، کە ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە پشتگیریی داراییکرا.

 

ئاوێنە: بەپێی رونکردنەوەیەک لەسەنتەری جێندەرو گەشەپێدانی سەر بە زانکۆی ئەمریکی پڕۆژەکە ئەم ناونیشانەی هەڵگرتبوو "بەھێزکردنی خوێندن، گەشەدان بە تواناکانی کۆمەڵگە و زیادکردنی دەرکەوتن بۆ چەسپاندنی یەکسانیی جێندەری لە عێراق و ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا".

رونکردنەوەکە دەڵێت "سەنتەری جێندەر و گەشەپێدانی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی، بە پاڵپشتی یەکێتیی ئەوروپا، چەندین چالاکی بەڕێوەبرد، لەوانە: ئامادەکردنی کۆرسی تایبەت بەجێندەر بەهەردوو زمانی کوردی و عەرەبی بۆ زانکۆکان، ڕاهێنانی ئۆنلاین بۆ ئەو ئەندامانەی دەستەی وانەبێژی کە ئارەزووی وتنەوەی ئەم جۆرە کۆرسانە دەکەن، ئامادەکردنی ڕێکاری گشتی بۆ وەزارەتی پەروەردەی هەرێم و وەزارەتی پەروەردەی عێراق، ئامادەکردنی راپۆرت دەربارەی رۆڵی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و کتێبەکانی خوێندنی قۆناغی بنەڕەتی و ناوەندی لە چەسپاندنی نایەکسانی جێندەریدا، بەرهەمهێنانی شەش کورتە فیلم بۆ دەرخستن و باسکردنی ئامرازەکانی پیاوسالاری، دووبارە نووسینەوە و تۆمارکردنەوەی شەش گۆرانیی میللیی کوردی و عەرەبی و بەتاڵکردنەوەیان لە هەر ئاماژەیەکی دژ بەژنان، بەرهەمهێنانی فایلی پۆدکاستی مانگانە دەربارەی پرسە جێندەرییەکان، هەروەها دروستکردنی تۆڕێکی تایبەت بەتوێژینەوەی جێندەری بەمەبەستی بەیەک ناساندنی توێژەران لە سەرتاپای ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا".

بڕوانە ئەم لینکە:

https://fb.watch/h24dwH4S2e/

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×