سەندیكای ڕۆژنامەنووسان: هەردوو ڕاگەیەندراوەكەی لیژنەی داكۆكی و جێگری نەقیب، رەتدەكەینەوە
  2022-11-27       228       

لە رۆژێكدا دوو راگەیێندراوی جیاواز و دژبەیەك لە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانەوە لەبارەی پێشێلكارییەكانی دژ بە رۆژنامەنووسان لە پارێزگای سلێمانی بڵاودەكرێتەوە، راگەیێندراوی یەكەمیان لە لیژنەی داكۆكی لە ئازادیی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسانەوە دەرچووە كە سكرتێرەكەی كادیری پێشكەوتووی پارتی دیموكراتی كوردستانەو جێگری نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانیش لە پشكی یەكێتی وەڵامی دەداتەوە.

ئاوێنه‌: سەبارەت بە هەردوو راگەیێندراوەكە، هەندرێن ئەحمەد سكرتێری سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بەمیدیای نزیك لە پارتی ڕاگەیاند:" ئەو كێشانە لە ئەنجامی ململانێی حیزبییە كە لەنێوان یەكێتی و پارتی لە كوردستان روودەدات و درێژكراوەی ئەو ناكۆكییانەیە. سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان شەش مانگ جارێك راپۆرتی پێشێلكارییەكانی هەیە و ئەو راگەیێندراوەی لیژنەی داكۆكی پێویست نەبوو و روونكردنەوەكەی جێگری نەقیبی سەندیكاش قبوڵكراو نییە و لە شوێنی خۆی نەبوو، بۆیە هەردوو راگەیێندراوەكەمان پێ باش نییە و رەتیدەكەینەوە."

دەقی بەیاننامەكەی لیژنەی داكۆكی لە ئازادیی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان:

بەیاننامەی لیژنەی داكۆكی لە ئازادیی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان سەبارەت هەڵمەتێكی ترسناك دژی رۆژنامەنووسان لەلایەن ئاسایشی پارێزگای سلێمانیەوە.

ژمارەیەك سكاڵاو پەیوەندیی رۆژنامەنووسانی پارێزگای سلێمانی ئاراستەی لیژنەی داكۆكی كراوە لەلایەن رۆژنامەنووسانی پارێزگای سلێمانی كە هەست بە مەترسی بۆسەر ژیان و كەسایەتیان دەكەن، ماوەیەكە هەڵمەتێكی ترسناك و فۆڕمێكی ترسناكی پێشێلكاری بەرانبەر رۆژنامەنووسان لە پارێزگای سلێمانی لەلایەن ئاسایشی سلێمانیەوە دەبینرێت، كە بریتیە لە رفاندن و دەستگیركردن و هەڵكوتانە سەرماڵی رۆژنامەنوسان، نموونەی ئەمانە رۆژنامەنوس (هۆشیار عەلی) پەیامنێری سایتی وشە، ماوەیەك لەمەوبەر لە شەوێكدا بۆ رووماڵ دەچێتە دەرەوە، لەلایەن هێزێكی ئەمنیەوە هەڵدەكوتنە سەری و دەستگیردەكرێت و توورەكەی پرتەقاڵی تیرۆرستی دەكەنە سەری و ماوەی 24 كاتژمێر سەرنگوم دەبێت و دواتر ئازاد دەكرێت، جگە لەوەی دەست بەسەر تەواوی كەلوپەلە رۆژنامەنووسییەكەی دەگرن، شوێنی ئەشكەنجەدان لەسەر جەستەی دیاردەبێت. 

ئەمڕۆ 4 رۆژە هێزێكی ئەمنی لەكاتی خەودا هەڵیان كوتاوەتە سەرماڵی رۆژنامەنوس (رەوا بورهان) و لە ماڵ دەبرێتە دەرەوە و تا ئێستاش چارەنووسی وونە، لە هەمان كاتدا چەندین پێشێلكاری تر لە ناوچە و پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە بەرانبەر رۆژنامەنووسان، ئەمە جگە لەوەی مەترسیەكی گەورەیە بۆسەر پرۆسەی ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری و پێشێلكردنی تەواوی یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكانی تایبەت بە ئازادی رۆژنامەنگەری و پاراستنی رۆژنامەنووسان، ترس و دڵەراوكێی لای رۆژنامەنووسان دروست كردووە و دەڵێن مەترسی لەسەر ژیانمان هەیە، بۆیە ئێمە لە لیژنەی داكۆكی لە ئازادیی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان داوادەكەین هەرچی زوترە ئەم جۆرە رەفتارانە بەرامبەر رۆژنامەنووسان كۆتایی پێبهێنرێت، بە پێچەوانەوە ناچاردەبین رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانی تایبەت بە مافی مرۆڤ ئازادیی رۆژنامەنووسی ئاگاداربكەینەوە.

لیژنەی داكۆكی لە ئازادی رۆژنامەگەری‌ و مافی رۆژنامەنووسان
هەولێر 26/11/2022

دەقی راگیێندراوەكەی جێگری نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستان:

بۆ سەرجەم دەزگاكانی راگەیاندن و رای گشتی

ئەمڕۆ شەممە رێككەوتی 26ـی 11ـی 2022 لیژنەی داكۆكی لە ئازادیی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان كە ئەم لیژنەیە سەر بە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانە، لەسەر پارێزگای سلێمانی راگەیێندراوی هەبووە، جگە لەوەی ئەم بەیاننامەیە زۆر بەپەلە نووسراوە، هەروەها زمانی دەربڕینی بەیاننامەكە لەسەر ئاسایشی سلێمانی وەك دامەزراوەیەكی فەرمی حكومەتی هەرێم، زمانێكی تووند و تۆمەتبەخشە.

ئێمە لە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بە ئەركی خۆمان دەزانین بێجیاوازی داكۆكی لە رۆژنامەنووسان بكەین، بەڵام زمانی نووسینی بەیاننامەكەی ئەمڕۆی لیژنەی داكۆكی، زمانێكە پڕیەتی لە رق و دووبەرەكی و زەقكردنەوەی كاری حیزبی لەنێو سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان.

ئەم بەیاننامەیەی لیژنەی داكۆكی لەسەر پارێزگای سلێمانی لە كاتێكدایە، كە لە هەولێر و دهۆك چەندین پێشێلكاری زەق و دەستگیركردنی رۆژنامەنووسان بوونی هەیەو باس ناكرێت.

بەداخەوە ئەم بەیاننامەیە بە مەبەست و ئامانجێكی سیاسی لەسەر سلێمانی بڵاوكراوەتەوە، كە بەهیچ شێوەیەك زمان و بۆچوونی تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەندیكا نییە و ئەم جۆرە شێوازی نووسین و بەیاننامەیە رەتدەكەینەوە.

بژار حەكیم
جێگری نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستان
هەولێر
26ـی 11ـی 2022

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×