ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی ھێزەکانی سووریای دیموکرات 'ھەسەدە'، لە راگەیەندراوێکدا ئاماری ھێرشەکانی دوو رۆژی رابردووی بۆ سەر باکوور و رۆژھەڵاتی سووریا بڵاوکردەوە .
ئاوێنە: ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی ھێزەکانی سوریای دیموکراتیک ھەسەدە ڕایگەیاند، ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکوور و رۆژھەڵاتی سووریا ماوەی ھەشت رۆژە بەردەوامە، لە دوو رۆژی رابردوودا ناوچەکانی ھەرێمی جزیر و تل تەمر و زرگان و کۆبانێ و گرێ سپی و عەین عیسا و مەنبەج و عەفرین بەبەردەوامی بۆردومان کراوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، بەھۆی بۆردومانەکانەوە زیانێکی زۆری ماددی بە ناوەندە خزمەتگوزارییەکان و کێڵگە کشتوکاڵییەکان گەیشتووە، لە ناوچەی زرگانیش لە ئەنجامی رووبەرووبوونەوەی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا دوو چەکدار کوژراون و شەشی تریش برینداربوون.
لە پاش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە ناوچە کوردنشینەکانی رۆژئاوا و باشووری کوردستان، لە ئێستادا بەشێكی زۆری چاودێرانی سیاسی دەڵێن، "دۆخی رۆژئاوا لە ئەوپەری مەترسیدایە، بەو پێیەی رووسیا داوای لە هەسەدە کردووە سنوورەکان چۆڵبکەن و سوپای سووریا بێتە شوێنیان، ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە و هەرگیز پێشتر رووینەداوە."