ئەندامێکی پەرلەمان: بودجەی ئەمساڵ گەورەترین بودجەیە لە مێژووی عێراقدا
  2022-11-28       445       

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "مەزەندە دەکرێت بودجە لەنێوان 150 بۆ 200 تریلیۆن دینار بێت، ئەم بودجەیەش دەتوانین بڵێین گەورەترین بودجەیە لە مێژووی عێراقدا."

ئاوێنە: پەرلەمانی عێراق دەبوو زیاتر لە مانگێک لەمەوبەر پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2023ـی عێراقی بەدەست بگات، بەڵام کەمتر لە دوو هەفتەی ماوە پشووی وەرزی زستانەی پەرلەمان دەستپێبکات، کەچی تائێستا حکومەتەکەی سوودانی پرۆژە یاسای بودجەی رەوانەی پەرلەمان نەکردووە.
 
لای خۆشیەوە د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، "مەزەندە دەکرێت بودجە لەنێوان 150 بۆ 200 تریلیۆن دینار بێت، ئەم بودجەیەش دەتوانین بڵێین گەورەترین بودجەیە لە مێژووی عێراقدا."
 
لە ئێستادا لیژنەیەکى هاوبەش لەنێوان وەزارەتی پلاندانان و دارایی عێراق پێکهێندراوە و بۆ داڕشتنى پرۆژەیاساى بودجەى ساڵی 2023 و کۆبوونەوەکانیان بەردەوامن.
 
هەروەها بە سەرپەرشتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی شەممە لایەنە پەیوەندیدارەکان پرۆژە یاسای بودجەیان تاوتوێکرد و سوودانی داوایکرد ئامادەکردنی پرۆژە یاساکە پەلەی تێدا بکرێت و رەوانەی پەرلەمان بکرێت.
 
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئێستا لە بەغدان بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق لەبارەی پشک و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە پرۆژە یاسای بودجەدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×