بۆ یەکەمجار زانیاری لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023ی عێراق بڵاودەکرێتەوە
  2022-11-28       442       

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، چاوەڕێ دەکرێت لەکۆتایی ئەمساڵدا  پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023 لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند بکرێت، کە تیایدا نرخی بەرمیلێک نەوت لەنێوان  70-75 دۆلاردا دەخەمڵێنرێت و کۆی گشتی بودجەی ساڵی داهاتو دەگاتە 130 مليار دۆلار.

ئاوێنە: ئاوجەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی "الصباح الجدي"ـی راگەیاندوە، لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023دا نزیکەی 50 هەزار هەلیکار دەڕەخسێنرێت، هەروەها پێشبینی دەکرێت بودجەی ساڵی تازە لە 130 مليار دۆلار نزیک ببێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، لە پڕۆژەیاسای بودجەدا هیچ هەنگاوێکی حکومی نییە بۆ گۆڕینی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار و ئەو پرسە بە جێگیری دەمێنێتەوە، لە هەمو دۆخێکیشدا چاوەڕێ دەکرێت لەکۆتایی ئەمساڵدا پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند بکرێت، کە تیایدا نرخی بەرمیلێک نەوت لەنێوان  70-75 دۆلار دەخەمڵێنرێت.

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی دەڵێت، داهاتی ساڵی نوێ لە فرۆشتنی نەوت نزیکەی 87 مليار دۆلار دەبێت، هەروەها داهاتەکانی دیکەش 12 بۆ 13 ملیار دۆلار دەبن، لەگەڵ داهاتی زیادەی فرۆشتنی نەوت لەمساڵدا کە 25 بۆ 30 ملیار دۆلارە، بۆیە کۆی گشتی بودجە لە نێوان 115 بۆ 135 ملیار دۆلار دەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×