بە قەرزی پێنج ساڵە پڕۆژە بۆ جوتیاران جێبەجێ دەکرێت
  2022-11-28       332       

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، جوتیاران دەتوانن داواکاری بە شێوەی پڕۆژە پێشکەشی کشتوکاڵی سنوری خۆیان بکەن و بەقەرز بۆیان جێبەجێ دەکرێت، کە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە 15 تا 100 ملیۆن دینار دەبێت و تا ئێستاش 300 جوتیار داواکارییان پێشکەش کردوە.

ئاوێنە: هیوا عەلی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دوشەممە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاند''قەرز دەدرێتە جوتیاران و جوتیاران لە ناوچەکانی خۆیان داواکاری پێشکەش دەکەن کە دەبێ پڕۆژەیان هەبێت و پێشکەشی کشتوکاڵی سنوری خۆیانی بکەن و دواتر ڕەوانەی وەزارەت دەکرێت و ئێمەش ڕەوانەی بانکی دەکەین بۆ ئەوەی ڕەزامەندیی لەسەر بدرێت و دواتر پڕۆژەکە جێبەجێ دەکرێت بۆیان.''

هیوا عەلی وتیشی: ''هەر جوتیارێک بۆی هەیە داواکاری پێشکەش بکات و تا ئێستا 300 جوتیار داواکارییان پێشکەش کردوە و بەردەوامیش دەبێت، کە پڕۆژەکان لە 15 ملیۆن تا 100 ملیۆن دینار دەست پێ دەکات و دانەوەی قەرزەکەش بە ماوەی 5 ساڵ دەبێت."

وتیشی: ''پارە بە جوتیاران نادرێت و ئەو پڕۆژەیەی پێشکەشی دەکەن، بۆیان جێبەجێ دەکرێت.''

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×