جوتیار عادل: جه‌خت له‌سەر پشكی لەسەدا 17 بۆ بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌
  2022-11-28       399       

جوتیار عادل، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رایگەیاتد، لە كۆبونەوەكانیاندا لەگەڵ حكومەتی عێراق، جه‌خت له‌سه‌ر پشكی %17 دەكەنەوە بۆ بە‌شه‌ بودجه‌ هه‌رێمی كوردستان.

ئاوێنە: جوتیار عادل، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئەمڕۆ دوشەممە، بە میدیای پارتی راگەیاند، كۆبونه‌وه‌كانی وەفدی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامن و ئه‌و داتایانه‌ی پێویستن، به‌ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق دراون.

دوپاتیشیكرده‌وه‌، كه‌ جه‌خت له‌سه‌ر پشكی %17ـی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌نه‌وه‌. وتی: "ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ به‌غدا بگه‌ینه‌ رێككه‌وتن".

وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئەوەشی خستەڕو"ده‌بێت ده‌ستور بنه‌مای رێككه‌وتن بێت".

جەختیشی كردەوە، له‌گه‌ڵ ته‌واوی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كۆده‌بینه‌وه‌ و وەفدی حكومه‌ت له‌ به‌غدا ده‌مێنێته‌وه‌.

دوێنێ یەكشەممە، وەفدێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی گفتوگۆ و چارەسه‌رکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و به‌غدا، گه‌یشتنه‌ به‌غدا.

وەفدەكەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتوە لە د.دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان، کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، د.ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، د. عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون، د. جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×