سه‌رۆك كۆمارى ئێران داواكاریه‌ك ئاراسته‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق ده‌كات‌
  2022-11-29       408       

سه‌رۆك كۆمارى ئێران داواكاریه‌ك ئاراسته‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق ده‌كات‌و سودانیش سوپاسى ئێرانیه‌كان ده‌كات‌و به‌ڵێنێكیان پێده‌دات.

ئاوێنە: دواى گه‌یشتنى به‌تارانى پایته‌ختى كۆمارى ئیسلامى ئێران، محه‌مه‌د شیاع سودانى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له‌لایه‌ن ئیبراهیم ڕه‌ئیسى سه‌رۆكى ئێرانه‌وه‌ پێشوازى لێكرا، له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا ڕه‌ئیسى ڕایگه‌یاند، "چونەدەرەوەی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لەعێراق، کلیلی سەقامگیریی عێراقە".

له‌به‌رامبه‌ریشدا سودانى به‌ڕه‌ئیسى وت:"دڵنیاییتان پێده‌ده‌ین عێراق نابێته‌ وێستگه‌یه‌ك بۆ زیانگه‌یاندن به‌ئێران‌و هیچ وڵاتێكى دراوسێ‌و كار له‌سه‌ر سیاسه‌تێكى هاوسه‌نگ ده‌كه‌ین، گەل‌و حکومەتی عێراقیش پاڵپشتییەکانی ئێوه‌ى ئێران لەیادناکات".

نازم عومەر دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێم لەئێران ئامانجی سەردانەكەی سودانی بۆ تاران ڕونكردۆته‌وه‌ كه‌ دوخاڵە؛ یەكێكیان پەیوەندیی بەعێراق‌و ‌خودی محەممەد شیاع سودانییەوە هەیەو ئەوەی دیكەشیان ‏پەیوەندیی بەئێرانەوە هەیە.

وتوشیه‌تى:"ئەوەی پەیوەندیی بەسودانییەوە هەیە ئەوەیە ئێرانییەكان دڵنیابكاتەوە کە ‏سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق ڕۆڵی ئێرانی لەلا گرنگە بۆ كاری پێكەوەیی ‏لەگەڵ عێراق".
 
سه‌باره‌ت به‌ئامانجی دوەمیش ده‌باغ ده‌ڵێت:"خواستی ئێرانییەكانە بۆ پاراستنی ‏سنورەكانی، چونكه‌ پێشتر ئێران ئەو داواكارییەی هەبوە كە ‏پێویستە عێراق كۆنتڕۆڵی سنورەكانی لەگەڵ ئێران بكات، ئەمجارەش ‏ئەو داواكارییەیان بەجیدیتر دەبێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×