ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، "وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری هه‌رێم ره‌زامه‌ندی سه‌ره‌تایی ده‌ربڕیوه بۆ كردنه‌وه‌ی لقی هه‌ردو بانكی رافده‌ین و ره‌شید له هه‌رێم، كه له دوای راپه‌ڕینی ساڵی 1991ه‌وه له هه‌رێمی كوردستان كشاونه‌ته‌وه".
ئاوێنه: د.نه‌رمین مه‌عروف غه‌فور، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، "له‌درێژه‌ی هه‌وڵه‌كانم بۆ دوباره كردنه‌وه‌ی لقه‌كانی بانكی رافده‌ین و ره‌شید له شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه له‌دوای راپه‌ڕینی ساڵی 1991 هاوشێوه‌ی سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ند له هه‌رێم كشانه‌وه".
راشیگه‌یاندوه، "له‌ماوه‌ی رابردو به‌چه‌ند نوسراوێك داوام له بانكی ناوه‌ند و رافده‌ین و وه‌زاره‌تی دارایی فیدڕاڵ كردوه بۆ ده‌ربڕینی ره‌زامه‌ندی كردنه‌وه‌ی لقی ئه‌و بانكانه له هه‌رێم".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا سه‌باره‌ت به بانكی رافده‌ین نوێترین نوسراوم ئاڕاسته‌ی نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم له به‌غدا كردوه به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم، سه‌باره‌ت به بانكی ره‌شیدیش به‌پێی نوسراوێكی بانكی ناوه‌ند له وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكم په‌یوه‌ست به سیاسه‌تی نه‌قدی و كه‌رتی بانكی، ئاماژه‌یان داوه، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری هه‌رێم ره‌زامه‌ندی سه‌ره‌تایی ده‌ربڕیوه بۆ كردنه‌وه‌ی لقه‌كانی ئه‌و بانكه له شاره‌كانی هه‌رێم".
كه‌سانی به‌شدار له هه‌ردوبانكی ڕافیده‌ین و ره‌شید، ده‌توانن قه‌رزی درێژخایه‌ن له‌سه‌ر موچه‌كانیان وه‌ربگرن و مانگانه بڕێك له‌موچه‌كانیان له‌لایه‌ن ئه‌و بانكه‌وه وه‌رده‌گیرێته‌وه، به‌جۆرێك وه‌رگرتنی قه‌رز 5-100 ملیۆن دینار ده‌گرێته‌وه، تا ئێستا هه‌ردو بانكی ڕافده‌ین و ڕه‌شید كه دو بانكی نیمچه فه‌رمین، سه‌ره‌ڕای چه‌ند هه‌وڵێكیش، به‌ڵام لقه‌كانیان له‌شاره‌كانی هه‌رێم ده‌ستبه‌كارنه‌بونه.