هەسەدە ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، گروپە چەكدارەكانی سەربە دەوڵەتی توركیا هێرشیان کردوەتە سەر گوندێکی تەلتەمر، بەڵام لەلایەن شەڕڤانانەوە بەرپەرچی هێرشەكە دراوەتەوەو تێکشکێندراوە.
ئاوێنە: ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە) لە پێگەی فەرمیی خۆی بڵاویکردوەتەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ شەڕڤانانی ئەنجومەنی سەربازی تەلتەمر شکستیان بە هێرشێكی چەكدارای سەربە دەوڵەتی توركیا هێناوە کە هەوڵیان دەدا لەڕێگەی گوندی "دیبس"ەوە بچنە ناوچەی تەلتەمر لە سنوری حەسەكە.
ئەوەشی خستوەتەڕو، کە لە ڕوبەڕوبونەوەکەدا دو چەكداری گروپەكانی سەربە توركیا برینداربون.
هاوکات بەپێی ئاژانسی هاوارنیوز، لەم كاتەدا سوپای تورکیا بەچڕیی گوندەکانی سنوری ناوچەی زرگان بە تۆپ و موشەك بۆردومان دەکات و بەرلەوەش گوندی ئیبراهیم گردۆ لە رۆژئاوای گرێسپی لەلایەن توركیاوە تۆپباران كراوە.