وەزارەتی بەرگری ئەمریكا هۆشداری دەدا لەبارەی هێرشی زەمینی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان
  2022-11-29       730       

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا رایگەیاند، وڵاتەكەی نیگەرانە لە هەڵكشانی كردەوە سەربازییەكانی توركیا لە باكوری سوریاو هۆشداریش دەدات لەوەی كە ئەگەری هەیە هێرشی زەمینی توركیا ببێتە مایەی لەناوبردنی ئەو دەستكەوتانەی كە لە شەڕی دژبە داعش بەدەستهاتون. دەشڵێت: بەم نزیكانە وەزیری بەرگری ئەمریكا لەگەڵ هاوتا توركەكەی لەوبارەیەوە قسە دەكات.

ئاوێنە: پاتریك رایدەر، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا، ئەمڕۆ سێشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وەزارەتەكە دەورییە هاوبەشەكانی لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات كەمكردونەتەوە ئەوەش بەهۆی بۆردومانەكانی توركیاوە.

لەگەڵ ئەوەش جەختی كردەوە كە دەورییە هاوبەشەكان بەردەوامن و بەردەوامیش دەبن لە روبەڕوبونەوەی هەڕەشەكانی داعش و پشتیوانیكردنی هێزەكانی هەسەدە.

هەروەها نیگەرانی قوڵی خۆی دەربڕی لەبەرامبەر كردەوە سەربازییەكانی توركیا لە باكوری سوریاو هانی توركیای دا دان بەخۆیدا بگرێت.

وتیشی"هێرشی زەمینی توركیا ڕەنگە ئەو دەستكەوتانە بخاتە مەترسییەوە كە دژبە داعش بەدەستهاتون."

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا كە واشنتۆن بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ ئەنكەرەو بەم نزیكانەش وەزیری بەرگری ئەمریكا لەگەڵ وەزیری بەرگری توركیا لەوبارەیەوە قسە دەكات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×