"پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق لەنێوان 21 بۆ 28 تریلیۆن دینار دەبێت"
  2022-11-30       460       

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، رەنگە هەفتەی داهاتو وەزارەتی دارایی عێراق، پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023 رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران بکات؛ دەشڵێت، چاوەڕوان دەکرێت پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق لەنێوان 21 بۆ 28 تریلیۆن دینار بێت.

ئاوێنە: نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە روداوی راگەیاند، رەنگە هەفتەی داهاتو وەزارەتی دارایی عێراق، پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023 رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بکات.

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق وتیشی: "بەشێک لە هۆکاری دواکەوتنی پرۆژەیاسای بودجە دەگەڕێتەوە بۆ گفتوگۆکان لەگەڵ وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ پێویستە بەغدا لەگەڵ وەفدی هەرێمی کوردستان بگەنە رێککەوتن و ئەو کات پرۆژەیاسای بودجە رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بکرێت."

نەرمین مەعروف ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی کارنامەی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی، پێویستە حکومەتی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی 2023 بگەنە رێککەوتن و سودانیش دەیەوێت بە سەرەتایەکی باش لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەستپێبکات.

نەرمین مەعروف ئاماژەی بەوەشدا، بەپێی "نوێترین زانیاری کە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراقەوە بەدەستمان گەیشتوە، دانیشتوانی هەرێمی کوردستان رێژەی 14%ی عێراق پێکدەهێنن و بەپێی ئەم رێژەیە بێت پشکی هەرێمی کوردستان لەنێوان 21 بۆ 28 تریلیۆن دینار دەبێت."

 

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×