هەسەدە ئاماری ١٠ رۆژی رابردوی هێرشەکانی تورکیای بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان بڵاوکردەوە
  2022-11-30       438       

هەسەدە رایگەیاند، لە ١٠ رۆژی رابردوی هێرشەکانی توركیادا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، خوێندنگایەک، بنکەیەکی تەندروستی و دو نەخۆشخانە بۆردومان کراون، لە ئەنجامیشدا ١٣ هاوڵاتی و ٢٠ شەڕڤان شەهید بون.

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە)، ئاماری ١٠ رۆژی ڕابردوی هێرشەكانی توركیای بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان بڵاوكردەوە.

هەسەدە رایگەیاندوە:”دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ڕۆژی ١٩ی تشرینی دوەم بە فڕۆکەی جەنگیی هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی دێرک، دەربێسییە، ئەبو ڕاسێن، کۆبانێ و شەهبا دەستپێکرد، ماوەی ١٠ ڕۆژە هێرشەکان بەردەوامن و هەمو شارەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریای گرتوەتەوە."

رونیشیکردوەتەوە، لەو هێرشانەدا تائێستا ١٣ هاوڵاتی و ٢٠ شەڕڤان شەهید بون، هەروەها حەوت شەڕڤان و ١٤ هاوڵاتی، کە سیانیان منداڵ بون، برینداربون. هاوکات ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆش شەهید بو و دوانی دیكەش برینداربون.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەەکەی هەسەدە، “توركیا بە بۆمبی فسفۆڕی شارۆچکەی شەرای عەفرینی بۆردومان کردوە، خوێندنگایەکی لە گوندی کۆران-ی کۆبانێ، ناوەندێکی تەندروستیی لە قەرەمۆخێ و دو نەخۆشخانەی بۆردومان کردوە."

ئەوەشی خستوەتەڕو، کە بەهۆی ئەو هێرشانەوە تائێستا ٢٣٥ خوێندنگە داخراون و لە ٢٥١ خوێندنگەش پشو راگەیاندراوە، بەو هۆیەوە ٢١ هەزار و ٨٤٣ خوێندکار لە خوێندن بێبەش بون.

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×