بەپێی قسەی شارەزایەكی كەشوهەوا، لە سبەی پێنجشەممەوە تا سێشەممەی داهاتو، كەشوهەوای هەرێمی كوردستان جێگیرو سەقامگیر دەبێت و باران بارین نابێت، دەشڵێت، پلەكانی گەرماش رو لە بەرزبونەوە دەكەن.
ئاوێنە: ئاراس جەبار، شارەزای كەشوهەوا، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"لە سبەی پێنجشەمەوە ١-١٢-٢٠٢٢ ھەرێمی کوردستان دەکەوێتەوە ژێر کاریگەری لاوازی پاڵەپەستۆیەکی بەرزی ھەوا کە بۆ ماوەی چەند رۆژێک تا رۆژی سێشەمە ٦-١٢-٢٠٢٢ لەسەر ناوچەکانمان جێگیر ئەبێت و لەو ماوەیەدا کەش زیاتر بەشێوەیەکی سەقامگیر و ئاسمانی ناوچەکەش بەزۆری کات لەنێوان ساماڵ و نیمچە ھەوردا دەگۆڕێت و ئەگەری بارانبارین نابێت."
ئەوەشی خستۆتەڕو، پلەکانی گەرماش لە سبەینێوە ٣ تا ٤ پلەی سیلیزی بەرزبونەوە بەخۆیەوە ئەبینێتەوە تا ماوەی کاریگەری ئەم بەرزەپاڵەپەستۆیە بەم شێوەیە پلەکانی گەرما جێگیر ئەبن .
ئاراس جەبار، ئاماژەی بەوەشداوە، لە ھەفتەی ئایندە رۆژی سێشەمەوە ٦-١٢-٢٠٢٢ بۆ کۆتایی ھەفتە ئەگەر ھەیە لەم ماوەیەدا نزمەپاڵەپەستۆیەک لە دەریای ناوەڕاستەوە کاریگەری بکاتەوە سەر کەشی ناوچەکانمان و بارستە ھەوایەکی ساردیشی لەگەڵدا ئەبێت کە ئەبێتە ھۆی نزمبونەوەی بەرچاو لە پلەکانی گەرماو زیاتر ساردبونی کەش و بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکانداو بارانی مامناوەندو زستانەیی لەناوچەکەدا، بەڵام هێشتا زانیاری جێگیر سەبارەت بەم شەپۆلە و کاریگەرییەکانی، نییە.