سێ نەخۆشخانەی ئەڵمانیا لە هەرێم چاوەڕێی دامەزراندنی كارمەندن بۆ كردنەوەیان
  2022-11-30       501       

وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، کاری دروستکردنی سێ نەخۆشخانەی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان تەواو بوەو تەنیا ماوە فەرمانبەر و کارمەندیان بۆ دابمەزرێت بۆ ئەوەی بکرێنەوە.

ئاوێنە: د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە ماڵپەڕی ڕەسمی پارتی راگەیاند''لەگەڵ کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان گفتوگۆمان کردوە دەربارەی پڕۆژە تەواوکراوەکانی وڵاتی ئەڵمانیا کە ڕاستەوخۆ، یان لە ڕێگەی (جی‌ ئای ‌زێد)ەوە تەواوی کردون، بەتایبەت دەربارەی ڕێکارەکانی کردنەوەی ئەو نەخۆشخانانەی ئەڵمانیا لە بەحرکەی هەولێر و فریاکەوتن لە دهۆک و نەخۆشخانەی ئەڵمانی لە سلێمانی جێبەجێی کردون بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتییان گفتوگۆمان کرد."

دکتۆر سامان بەرزنجی وتیشی''ئەوان داوایان کردوە کە پەلە بکرێت لە دامەزراندنی کارمەندو فەرمانبەرانی پێویست بۆ ئەو نەخۆشخانانە بۆ ئەوەی بکرێنەوە."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "وڵاتی ئەڵمانیا لە ساڵانی رابردودا تا ئێستاش رۆڵێکی گەورەی لە هاوکاری و پاڵپشتیکردنی دامودەزگا تەندروستییەکانی هەرێمی کوردستان هەبوەو چەندین جار پڕۆژەی گەورە و خێزخوازیی جۆراوجۆریان جێبەجێ کردوە.''

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×