فیدراسیۆنی رێكخراوەكان یاداشتنامەیەكی ناڕەزایەتی لەبارەی ناسەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی بڵاودەكەنەوە
  2022-12-01       387       

فیدراسیۆنی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە یاداشتنامەیەكی ناڕەزایەتیدا لەبارەی ناسەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی و نەپاراستنی مافەكانی تۆمەتباران كۆمەڵێك داواكاری دەخەنەڕو و دەشڵێت، دوای نزیکەی سێ دەیە لە ئەزمونی فەرمانڕەوایی کورد لە کوردستانی عێراق، دۆخی ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ لە دەربڕین و رۆژنامەگەریی و خۆپیشاندان، سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی و پیشەیی کارکردنی دادوەر و دادگەکان، لە خراپترین دۆخی خۆیدایە.

ئاوێنە: فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەبارەی ناسەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی و نەپاراستنی مافەکانی تۆمەتباران، یاداشتنامەیەكی ناڕەزایەتی ئاڕاستەی نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتوەكان، یەكێتی ئەوروپا، كونسوڵخانەكانی وڵاتان، دەسەڵاتەكانی هەرێم و عێراق كردوە، تێیدا دەڵێت"دوای نزیکەی سێ دەیە لە ئەزمونی فەرمانڕەوایی کورد لە کوردستانی عێراقدا؛ دۆخی ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ لە دەربڕین و رۆژنامەگەریی و خۆپیشاندان، سەربەخۆیی دەستەڵاتی دادوەریی و پیشەیی کارکردنی دادوەر و دادگەکان لە خراپترین دۆخی خۆیدایە."

هەروەها دەشڵێت"تەنانەت سەرۆک و سەرکردەی حزبەکانیش کە داھێنەری دەستێوەردانی حزبیی بون لە دادگەکاندا؛ ئێستە ھیچ تەماھی و خۆزگەیەکی پێناخوازن و بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە حزبییەکانی خۆیشیان پەنا بۆ دادگەکانی عێراق دەبەن و ھیچ متمانە و بەھایەکیان بۆ دروست کارکردنی دادوەر و دادگەکان نەھێشتوەتەوە."

فیدراسیۆنەكە، لە یاداشتەكەیدا، پێنج داواكاری خستۆتەڕو تاوەكو لەسەرانسەری لەسەرانسەری ھەرێمی کوردستانی عێراقدا کاریان لەسەر بکرێت، كە پێكدێن لە:

1. راگرتنی دەستێوەردانی حزبیی لە كاروباری ئەنجومەنی دادوەری؛ لەپێناو سەربەخۆیی دادگە و پیشەیی کارکردنی دادوەر و دەسەڵاتی دادوەرییدا. 

2. بەزویی دورخستنەوەی دەستی حزب و سەرکردە ھەواڵگریی و ئەمنییەکان لە پرۆسەی دامەزراندنی دادوەران و پلە بەرزكردنەوەیان و ئاڵوگۆڕكردنی شوێنەكانیان.

3.  دەستبەجێ یەکلاییکردنەوەی چارەنوسی دەستگیراوانی بادینان كە لە تۆمتبارکردنیانەوە تا بە تاوانبارناساندن و زیندانییکردنیان؛ چەندین پێشێلكاریی زەق و ئاشكرایان بەرامبەر کراوە.

4. بەزویی دۆزینەوەی بکەرانی کردەوە تیرۆریستییەکانی ئەمدواییە و یەکلاکردنەوەی دۆسییەی تۆمەتباران و تاوانبارانی ئەو تاوانانەی گومانی تەسفییە حساباتی حزبیی رێکخراویان لێدەکرێت. بەتایبەت دۆسییەی تیرۆری ئەفسەرانی دژەتیرۆر.

5. دەستبەجێ یەکلاکردنەوەی چارەنوسی ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و دەستەڵاتەکانی و دیارییکردنی کەسێکی شیاو بۆ راوێژکاری ئەنجومەنەکە؛ لە دەرەوەی ئەندامانی ھەردو بنەماڵەی بارزانیی و تاڵەبانیی کە ساڵانێکە ھەژمونیان بەسەر دەزگە ھەواڵگریی و ئەمنییە حزبیی و حکومییەکاندا ھەیە.

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×