دادوەر فەریق حەمەساڵح: داوای ژنان بۆ جیابونەوە بەهۆی ژنی دوەمەوە یاسایی و شەرعی نییە
  2022-12-03       657       

دادوەر فەریق حەمەساڵح، ئەو دادوەرە کوردەی کە بەهۆی تانەیەکی ئەوەوە دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا ئافرەتان مافی ئەوەیان نییە بەهۆی هێنانی ژنی دوەمەوە داوای جیابونەوە لە هاوسەرەکانیان بکەن دەڵێت، هۆکاری تانەکەی ئەوە بوە کە ئەو مافە "هیچ بنەمایەکی یاسایی و شەرعی نییە" و بوەتە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتی.

ئاوێنە: فەریق حەمەساڵح، دادوەر لە داگای بەرایی کەتنی سەیدسادق، لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند، "یەکێک لەو بڕگانەی کە ئافرەتان داوای جیابونەوەی پێ دەکەن بڕگەی 5ی مادەی 40ی یاسای باری کەسێتییە کە بە دادگا دەڵێت هاوسەرەکەم ژنی بەسەردا هێناوم ئێمەش بەو بڕگەو مادەیە لەیەکمان جیادەکردنەوە. ئەمە لە ساڵی 2008وە کاری پێدەکرێت تاساڵی پار ئەوەمان بیست هەندێک لە مامۆستایانی ئایینی ئەم ژنانەی بەم جۆرە جیادەبنەوە جارێکی دیکە مارەیان ناکەنەوە بە بیانوی ئەوەی بەناشەرعی جیاکراونەتەوە لەیەکتر. ئێمەش بەدواداچونمان کرد کە وایەو لیژنەی فەتوا فەتوای هەیە."

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، کە لە 12 دادوەر پێکدێت و سەرجەمی ئەندامەکانی پیاون، رۆژی چوارشەممە ئەم بڕیارەی دا، کە بەگوێرەی هەندێک چالاکوانانی مافەکانی ژنان دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی توندوتیژی خێزانی و کۆمەڵایەتی بەدوادابێت.

رەنگین سەلام، چالاکوانی مافەکانی ژنان، لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "خەڵک لەم مادەیە وا تێگەشتوە هەمو پیاوێک بۆی هەیە ژنی دوەم بهێنێت... ئەم یاسایە کاریگەریەکی گەورەی لەسەر باری خێزانی دەبێت. ئەگەر بەهەڵە ئەم بابەتە بڕوات بەم شێوەی کە ئێستا هەیە لەناو کۆمەڵگە کاریگەری لەسەر زیادبونی توندوتیژی دەبێت. لەوانەیە هەندێ کەس هەر یاساکە ببیستن و بڵێت من ژنی دوەم ئەهێنم تۆش ناتوانی داوای جیابونەوە بکەیت."

سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەیسانەی کە بەهۆی ئەو بڕگەیەوە کە پرۆسەی هاوسەرگیریەکەیان هەڵوەشاوەتەوە، دادوەر فەریق حەمەساڵح ڕایگەیاند، " ئامارێکی دیاریکراو لەبەردەست نییە. بەڵام لەو دادبینیانەی کە ئەنجامم داون بەو بڕگەو مادەیە لە یەکم جیاکردونەتەوە."

سەبارەت بەوە کە ئەم تانەلێدانە لەم بڕگەو ئەو کاردانەوانەی لەلایەن ڕێکخراوەکانی ژنان و ئافرەتانەوە دروست بون ڕایگەیاند، "هەڵەتێگەشتنێک هەیە لەبەر ئەوەی بابەتی یاسایی و شەرعی تۆزێک ئاڵۆزە هەمو کەسێک لێی تێناگات. هاوکات بە نەزانین بێت یان بە ئەنقەست هەوڵی شێواندن و بەسیاسیکردنی دەدرێت کە ئەمە دورە لەوەوە."

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×