هۆشدارییه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی كارەباوه‌ بۆ هاوڵاتیان
  2022-12-04       315       

 بەهۆی زۆر بەكارهێنانی كارەباوە، پێوەری زیرەكی هەندێك لە هاوبەشان فیوز دەكات و هاووڵاتییان خۆیان فیوزەكەیان بەرز دەكەنەوە، ئەوەش زیان بە ئەمپێری كارەبای هاووڵاتییان دەگەیەنێت، وەزارەتی كارەباش هۆشداری دەدات.

ئاوێنە: ئەمڕۆ یەك شەممه‌ 4 كانوونی یەكەمی 2022، عەلی ئیسماعیل ئەندامی لیژنەی باڵای سیستمی پێوەری زیرەك رای گەیاند، ئێمە وەك وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە وەرزی زستاندا بە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبای زیاتر لەلایەن هاوبەشانەوە، بڕیارمان دا بڕی كارەبا لە سیستمی پێوەری زیرەك، لە 40 ئەمپێرەوە بكەینە 30 ئەمپێر، لەلایەكی ترەوە خشتەی كارپێكردنی ئامێرە كارەباییەكانی ئاشكرا كردووە، بۆیە پێویستە تا ئاستی 30 ئەمپێر زیاتر هاووڵاتییان كارەبا بەكار نەهێنن.

باسی لەوەش كردووە، زۆرجار هاووڵاتییان ئەگەر لەو ڕێژەیە زیاتر كارەبایان بەكار هێنا، فیوزی پێوەری زیرەك دەكوژێتەوە و دوای ماوەیەك ئۆتۆماتیكی دادەگیرسێتەوە، بەڵام هەندێك هاووڵاتی دەچنە لای محەویلەكە و كارەبای تەواوی محاویلەكە دەكوژێننەوە و دای دەگیرسێننەوە، بۆ ئەوەی فیوزەكەی خۆیان كار پێ بكەنەوە، ئەوەش زیان لە ئامێرە كارەباییەكانی ماڵان دەدات.

ئەو ئەندامەی لیژنەی باڵای سیستمی پێوەری زیرەك ئاماژەی بەوەش دا، پێویستە هاوبەشانی كارەبا خۆیان لەو دیاردەیە بەدوور بگرن و لە حاڵەتی درەنگهاتنەوەی كارەباكەیان، پێوەندی بە ژمارە تەلەفۆنە تایبەتەكانی پێوەری زیرەك بكەن كە بۆیان دیاری كراوە و پێوەندیكردن پێیانەوە بێ بەرانبەرە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×