نرخی ئەمپێری موه‌لیدە بۆ مانگی تشرينى دووه‌م دیاریكرا
  2022-12-04       356       

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی بڵاویکردەوە، نرخی ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە بۆ مانگی رابردوو لە نێوان 13 هەزار بۆ 14 هەزار و 500 دیناردا دەبێت و دەشڵێت، "لە کاتژمێر 01:00ـی دوای نیوەڕۆ بۆ کاتژمێر 01:00ـی شەو کارەبا دابین دەکرێت."

ئاوێنە:  یه‌كشه‌ممه‌ لیژنه‌ی دیاریكردنی نرخی موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان كۆبووه‌وه‌، به‌ گوێره‌ی نرخی گازوایل نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری موه‌لیدە بە 57 دینار بۆ مانگی تشرینی دووه‌م دیاریكرا.

لەو بارەیەوە تاریق سەمین، سەرۆکی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلیەکان رایگەیاند، نرخی ئەمپێری مۆلیدەی ئەهلی لە شاری سلێمانی بە 13 هەزار بۆ 14 هەزار و 500 دینار دیاریکراوە بە شێوەیەکی گشتی، بەڵام لە هەندێک گەڕەک کە کارەبا زیاتر دراوە ئەو نرخە دەگاتە 16 هەزار دینار.

ئاماژە بەوەشکراوە، به‌ تێكڕایی موەلیدەی ئه‌هلیی گه‌ڕه‌كه‌كان لەنێوان 220 بۆ 255 کاتژمێر كاریان كردووە، بەمەش نرخی ئەمپێر لە نێوان 13 هەزار بۆ 14 هەزار و 500 دیناردا دەبێت و هه‌ندێك موه‌لید كه‌ به‌رنامه‌ی كاركردنیان له‌ 07:00ـی به‌یانی بۆ 01:00ـی شەو كاریان كردووه‌، نرخی ئه‌مپێریان له‌ نێوان 15 هەزار بۆ 16 هەزار و 500 دیناردا دەبێت.

دەشڵێت، "به‌هۆی جیاوازی كارپێكردنی موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان و دابینكردنی كاره‌با بۆهاوڵاتیان له‌ گەڕەكێك بۆ گەرەكێكی دیكه‌، نرخی یه‌ك ئه‌مپێر كاره‌با له‌گه‌ڕه‌كێك بۆ گه‌ڕه‌كێكی دیكه‌ جیاوازە."

هاوكات، بەرنامەی كاركردنی موەلیدەكان بۆ مانگی كانونی یه‌كه‌م، كاتژمێر 06:30 بەیانی بۆ 08:00 بەیانی و كاتژمێر 01:00ی پاشنیوه‌ڕۆ بۆ 01:00ی شه‌و، هه‌ركات كاره‌بای حكومی نه‌بوو موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان كارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین دەکەن.

باس لەوەشکراوە، پێویستە پاش كوژانەوەی كارەبای نیشتمانی 10 خولەك زیاتر بەسەر كارپێكردنی موه‌لیدە تێنەپەڕێت، بەپێچەوانەوە، سەرپێچیكار رووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×