بەیانی ئەمڕۆ دوشەممە لە شاری قامیشلۆی رۆژئاڤای کوردستان ئۆتۆمبێلێکی سەر بە دەستەی پەروەردەی ئیدارەی خۆسەری تەقییەوە، لە ئەنجامیشدا شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە برینداربوە و گەیەنراوەتە نەخۆشخانە.
ئاوێنە: ئاژانسی هەواڵی باکور (NPA) بڵاویکردەوە، بەیانی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێکی سەر بە دەستەی پەروەردە لە ئیدارەی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا تەقییەوە و لە ئەنجامدا شۆفێرەکەی برینداربوە، هەروەها زیانێکی زۆریش بەر ئۆتۆمبێلەکە و ئەو ئۆتۆمبێلانەش کەوتوە کە لە شوێنی روداوەکە نزیک بون.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لەئێستادا شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بۆ نەخۆشخانە گوازراوەتەوە و تەندروستی قامیشلۆش جەختیکردوەتەوە کە تەندروستی جێگیرە.
تائێستا هێزەکانی پاراستنی ناوخۆ (ئاسایش) لە رۆژئاڤای کوردستان هیچ رونکردنەوەیان لەبارەی تەقینەوەکە بڵاونەکردوەتەوە، چاوەڕێش دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتو رونکردنەوەی فەرمی لەلایەن ئاسایشەوە بڵاوبکرێتەوە.