سەندیكای دۆلار فرۆشانی هەولێر: هاوڵاتیان بەلێشاو دۆلار دەكڕن
  2022-12-05       489       

دوێنێ بازاڕی دۆلار فرۆشانی هەولێر جیاواز لە رۆژانی رابردوو جمەی دەهات لە كڕیار و فرۆشیارانی دۆلار، ئەوانەی دۆلاریان بە هەرزان كڕیبوو زۆربەیان دۆلارەكەیان بە نزیكەی 150 هەزار دینار فرۆشتەوە.

ئاوێنە: سەعدی عەلی، دۆلار فرۆشێكە لە هەولێر بە میدیای نزیك لە پارتی ڕاگەیاند: ماوەیەكە بانكی ناوەندی كەمتر دۆلار دەخاتە بازاڕەوە ئەمە هۆكاری سەرەكی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارە، ئەگەر دۆلار زیاتر بخرێتە بازاڕەوە ئەوا نرخی دۆلار دادەبەزێت.

ماوەی دوو هەفتەیە خواست لەسەر كڕینی دۆلار لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان زیادیكردووە، زۆر خواست و كەمی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندیی عێراق، بەهۆكاری سەرەكی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دادەندرێت.

غازی سەعدی، سەرۆكی سەندیكای دۆلار فرۆشانی هەولێر وتی: پێشتر خەڵك دۆلاریان دەفرۆشت دەترسان كە دۆلار دابەزێت ئێستا بەلێشاو دێن دۆلار دەكڕن و زۆری خواست لەسەر دۆلار وایكردووە كە نرخی دۆلار بەرزبێتەوە.

نزیكەی مانگێكە بانكی ناوەندیی عێراق رۆژانە 100 بۆ 120 ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕ، لەكاتێكدا پێشتر نزیكەی 200 ملیۆن دۆلاری دەخستە بازاڕەكان

د. باسم عەبدولهادی حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی سەنتەری لێكۆڵینەوەی بانكی لە بانكی ناوەندیی عێراق راگەیاند:"بانكی ناوەندی رێكاری خۆی هەیە، بۆ ئەوەی نرخەكە بگەڕێتەوە و وەك چەند رۆژی رابردووی لێبێتەوە، ئەمەش بەمەبەستی پاراستنی سەقامگیریی دراو."

بەپێی نووسراوێكی جێگری پارێزگاری بانكی ناوەندی بە وەكالەت دوێنێ یەكشەممە ئاراستەی هەموو بانكەكان و كۆمپانیاكانی گۆڕینەوەی دراو كراوە، ئاماژە بەوە كراوە: بە ئامانجی بەدیهێنانی سەقامگیری نرخی فرۆشتنی دۆلار و زیادبوونی خواست لەسەر دراوی بیانی لە بازاڕەكانی نێوخۆیدا، بڕیاریداوە هەفتانە فرۆشتنی دۆلار زیاد بكات

بانكی ناوەندیی عێراق كۆتایی ساڵی 2020 بڕیاریدا نرخی فرۆشتنی یەك دۆلار لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار بەرزبكاتەوە، ئەو بڕیارە هەرچەندە بووە هۆی زیادبوونی داهاتی ناوخۆ، بەڵام لە هەمان كاتدا نرخی زۆربەی خۆراك و كەلوپەلی لە بازاڕەكاندا لانیكەم بە رێژەی زیاتر لە 20% بەرزكردەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×