ئەمڕۆ مامۆستایانی وانەبێژ لە گەرمیان، کۆیە و چەند ناوچەیەکی دیکەی هەرێمی کوردستان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد و رایگەیاند، بەهۆی بێباکی و خەمساردی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاست داواکاری و مافەکانیان، بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیانکردوە، جەختیش دەکەنەوە لەوەی "دامەزراندن ئەو گرێیەیە کە هەمو گرێ بچوکەکانی دیکەی مامۆستایانی وانەبێژ دەکاتەوە."
ئاوبنە: دوشەممە لە سنوری ئیدارەی گەرمیان و قەزای کۆیە و چەند ناوچەیەکی دیکەی هەرێم، بەشێک لە مامۆستایانی وانەبێژ درێژەیان بە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن دا و لەبارەی داواکارییەکانیشیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێن، داوای دامەزاراندن دەکەن و بڕیاریشیانداوە لەبەردەم پەروەردەکان درێژە بە بایکۆت و خۆپیشاندان بدەن.
ئاماژە بەوەش دەکەن، هۆکاری خۆپیشاندانەکەش دەگەڕێتەوە بۆ "بێباکی و خەمساردی حکومەتی هەرێم لەئاست مافە ڕەواکانمان".
مامۆستایانی وانەبێژ داوا لە هەردو وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پەروەردە دەکەن کە کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ بە دامەزراندن چارەسەر بکەن، ئەوان دەڵێن، "دامەزراندن ئەو گرێیەیە کە هەمو گرێ بچوکەکانی دیکەی مامۆستایانی وانەبێژ دەکاتەوە".