تاوەکو ئێستا تەنها نزیکەی ١٣%ی خێزانەکانی هەرێم نەوتی سپییان وەرگرتووە
  2022-12-05       319       

بەپێی ئامارێکی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ملیۆنێک و 257 هەزار خێزان لە هەرێمی کوردستان، 156 هەزار و 539 خێزان نەوتی سپییان وەرگرتووە، واتە 12.4%ی کۆی گشتی.  

ئاوێنە:  ڕاگەیەنراوی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکو رۆژی 4ی کانونی یەکەمی 2022، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان 31 ملیۆن و 207 هەزار و 800 لیتر نەوتی سپیی لە هەرێمی کوردستان بەسەر 156 هەزار و 539 خێزاندا دابەشکردووە و دابەشکردنەکە بەم جۆرە بووە:

- لە سنووری پارێزگای هەولێر 8 ملیۆن و 454 هەزار و 400 لیتر دابەشکراوە؛ 42 هەزار و 272 خێزان لێی سوودمەند بوون.

- لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 12 ملیۆن و 213 هەزار و 800 لیتر دابەشکراوە؛ 61 هەزار و 69 خێزان لێی سوودمەند بوون.

- لە سنووری پارێزگای دهۆک 10 ملیۆن و 639 هەزار و 600 لیتر دابەشکراوە؛ 53 هەزار و 198 خێزان لێی سوودمەند بوون.


وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە 20ی تشرینی یەکەمی 2022 دەستی بە دابەشکردنی نەوتی سپی کرد، هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 257 هەزار خێزان تێیدا دەژین و بۆ وەرگرتنی نەوت دابەشی سەر سێ زۆن کراون:

- ناوچە شاخاوییەکان 320 هەزار خێزان.
- ناوچەکانی دەوروبەر 340 بۆ 345 هەزار خێزان.
- سەنتەری شارەکان 625 هەزار خێزان.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی 70 ملیار دینار بۆ کڕینی نەوتی سپی تەرخانکراوە و بە شێوەی تەندەر 320 هەزار بەرمیل بە نرخی 284 هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک دەکڕێت و بە 103 هەزار دینار دەیداتە هاونیشتمانیان.  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×