فراكسیۆنی پارتی: چەندین داواكاریمان پێشكەش بە سودانی كرد
  2022-12-06       315       

سەرۆكی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی سەردانی فراكسیۆنەكەیان بۆ لای سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، جگە لەوەی پاڵپشتیی خۆمان بۆ بەرنامەی کابینەکەی سودانی راگەیاند، ھاوکات "چەندین داواکاریی خەڵکی ھەرێمی کوردستانمان پێشکەش کرد."

ئاوێنە: ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، ئەمڕۆ سێشەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی حزبەكەی راگەیاند: "دوێنی وەک فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق سەردانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقمان کرد، مەبەست لە سەردانەکە بۆ پیرۆزبایی و پشتیوانی بو لە کابینەی سودانی وەک ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت، داوامان کرد پابەند بن بەو ڕێککەتننانەی لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا کراون لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەتدا."

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی وتیشی: "بەنوسراوی فەرمیی ژمارەیەک داواکاریی خەڵکی ھەرێمی کوردستانمان پێشکەش بە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، لەوانەش جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوری عێراق و ھەنگاوەکانی ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ئەو ناوچانە، ھەروەھا دابینکردنی مافەکانی پێشمەرگەو کێشەکانی سەر سنوریش چارەسەر بکرێن."

ڤیان سەبری وتیشی''داوامان لە سودانی کرد ژمارەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان زیاد بکرێن لە چوارچێوەی بودجەی گشتیی عێراقدا، ھەروەھا خەرجکردنی پارەی ساڵانی رابردوی جوتیارانی ھەرێم خەرج بکرێت و ژمارەیەک قوتابخانە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی عێراق و چین لە ھەرێمی کوردستان دروست بکرێن، جگە لەوەش، داوای مافی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوامان کردوە.''

دوێنێ دوشەممە، نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا، وتی، محەمەد شیاع سودانی، ئێوارەی دوێنێ، پێشوازی لەئەندامانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد.

بەپێی راگەیەندراوەكە، لەدیدارێکدا رەوشی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری لەسەر ئاستی نیشتمانی و گرنگترین ئەو ئاڵنگارییانەی روبەڕوی پلانی چاکسازی و گەشەپێدان دەبنەوە، تاوتوێکران.

سەرۆک وەزیران بۆ ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی، جەختی لە گرنگی پشتبەستن بەدەستور كردەوە وەکو مەرجەعی سەرەکی بۆ چارەسەرکردنی هەمو کێشە هەڵپەسێردراوەكان و كۆسپەكانی بەردەم كاری هاوبەشی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم.

سەرۆک وەزیران داوای یەکخستنی هەوڵەکانی کرد بۆ كامڵكردنی کاری پەرلەمانی لەچاودێریکردن و یاسادانان لەگەڵ هەوڵەکانی حکومەت بۆ چاکسازی و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان لەپێناو بەدیهێنانی خواستی هاوڵاتیان لەسەرانسەری وڵات.

تەئکیدیشیکردەوە لەسەر پێویستی کارکردن بۆ بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆیی و دەستەبەركردنی پاراستنی هەمو پێکهاتەو توێژەكانی گەلی عێراق، بەمەبەستی پتەوكردنی ژیانی هاوبەش و ئاشتی كۆمەڵایەتی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×